ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا وکۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خرایەڕوو، هاوکات وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەت وکۆمپانیا نەوتییەکان خرایەڕوو، و شاندی حکومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، کە ئەمە خواستی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ وکۆمپانیا نەوتیەکانیشە، هەروەها ئاماژەش بەوەدرا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش،
ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە، کە حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی .
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لە سەر بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە، کە کاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک، کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بە ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی ڕووتین و بەربەستەکان.
لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
وەزیری پلاندانان، تیشکی خستە سەر ڕێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە وگەشەپێدان، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دادپەروەریی ویەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشێلکاریی لە بنەما دەستووریەکان و ماددەی 140 ی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە ، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.