بۆ جاری دووەم، ئەمریکا سیستمی مووشەکیی پاتریۆت رەوانەی ئۆکراین دەکات



دوای چەند مانگ لە داواکاری، ئەمریکا بڕیاری دا، سیستمی مووشەکی پاتریۆت بۆ جاری دووەم ڕەوانەی ئۆکراین بکات.

 

دوو بەرپرسی ئەمریکایی ئاشکرایانکرد، ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن، دووەم سیستمی مووشەکیی پاتریۆت ڕەوانەی کیێڤ دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی ڕووسیا دەبێتەوە لە ناوچەی خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین.

 

ئەو دوو بەرپرسە ڕایانگەیاندووە؛ بایدن ڕازی بووە بەم هەنگاوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، ئاماژەشیان بەوە کردووە، پنتاگۆن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ڕۆتینی ژمارەیەکی نادیار مووشەکی بۆ کیێڤ دابینکردووە، بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە .

 

لەگەڵ ئەمریکا، هاوپەیمانانی دیکەش لەوانە ئەڵمانیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چەندین جۆری تەقەمەنییان بۆ ئۆکراین دابین کردووە.

 

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین داوای دابینکردنی سیستمی بەرگریی زیادەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو سیستمانە یارمەتی هێزەکانیان دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی توانا سەربازییەکانی ڕووسیا .

 

لە وتارێکدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە مەدرید پێشکەشی کرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی هێشتا پێویستی بە بەپەلەی هەیە بە حەوت سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕووسیا کە تۆڕی کارەبا و ناوچە مەدەنییەکان و هەروەها ئامانجە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج.

 

بڕیاری ئەمریکا بۆ پێدانی سیستمی مووشەکیی پاتریۆت لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی بەرگری ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیان لە برۆکسل، لە رۆژی پێنجشەممە ١٣ -٦ – ٢٠٢٤، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێداویستییە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئۆکراین.

 

ئەمریکا چەندین جار فشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراین، بەڵام زۆرێکیان دوودڵ بوون لە دابینی سیستمی تەکنەلۆجیای بەرز، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە هەست بە مەترسی ڕووسیا دەکەن.

سیستمی پاتریۆت کە لەسەر بارهەڵگرەکان جێگیر دەکرێت، لە چەند بەشێک پێکدێت، لەوانە؛

  • ڕادارێک کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدۆزێتەوە.
  • توانای خێرایی کۆنترۆڵکردن و خستنەخوارەوەی مووشەک بەخێرای زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر .
  • ناوەندێکی کۆنترۆڵکردنی هەیە کە سێ سەربازی تێدا جێدەبێتەوە و بە تەکنەلۆژیای سەردەم تەیارکراوە.
زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو… ئامادەکارییەکانی سعودیە بۆ حەج
پێشت زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو… ئامادەکارییەکانی سعودیە بۆ حەج
کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا
دواتر کرێکارێک بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار