قوربانیکردن بۆ دەستگیرۆیی هەژارانە لە جەژنی قورباندا



موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا لە ڕۆژانی جەژنی قوربان بۆ نزیکبوونەوە لە خوای گەورە قوربانی دەکەن، مامۆستایەکی ئاینییش دەڵێت، “قوربانیکردن دروشمێکی ئاینیی ئیسلامە، بەرزڕاگرتنی ئەرکی موسڵمانانە”.

جەژنی قوربان، یەکێکە لە جەژنەکانی موسوڵمانان و ئایینی ئیسلام، دەکەوێتە ڕۆژی ١٠ی زیلحیجە هەموو ساڵێکی کۆچی دوای تەواوبوونی ڕۆژی وەستانی عەرەفە و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، لەم ماوەیەدا حاجییانی ماڵی خودا هێشتا فەرزەکانی بەجێهێنانی حەجیان ماوە و فەرزەکانی حەجیان لە سێیەم ڕۆژی جەژن کۆتایی دێت.

ئەم جەژنە وەک یادێک بۆ حەزرەتی ئیبراهیم دادەنرێت دوای ئەوەی لە خەونیدا خودا فەرمانی پێکرد، کە کوڕەکەی خۆی سەر ببڕێت و بیکاتە قوربانی لە پێناوی خودا، دواتر کە ئیسماعیل دادەنێت بۆ ئەوەی سەری ببڕێت چەقۆکە دەخاتە سەر ملی، بەڵام بە فەرمانی خودا ناتوانێت بیبڕێت، خودای گەورە لە جێی کوڕەکەی ئاژەڵێکی بۆ دەنێرێت کە سەری ببڕێت و پێشکەشی خودای بکات، هەر بۆیە موسوڵمانان لە ڕۆژانی جەژن هەڵدەستن بە سەربڕینی ئاژەڵێک و دابەشکردنی گۆشتەکەی بەسەر خەڵکیدا.

ئاری عەزیز مامۆستای ئاینیی لەبارەی گرنگی قوربانیکردن لە ئاینیی پیرۆزی ئیسلامدا تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک قسە دەکات.

 

خەڵک: مانا و مەبەستی قوربانیکردن لە ئاینیی ئیسلامدا چییە؟

مامۆستا ئاری: قوربانیکردن یەکێکە لە دروشمەکانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتی ئیبراهیم کاتێک خوای گەورە فەرمانی پێکرد کوڕەکەی حەزرەتی ئیسماعیل سەرببڕێت، دواتر بۆی گۆڕی بە بەرانێک، بۆیە پێویستە وەک موسڵمانان ئەم دروشمە بەرز و پیرۆز ڕابگرین، قوربانیکردن سوننەتی موئەکەدەیە و پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ئەنجامیداوە.

 

خەڵک: مەرجەکانی قوربانیکردن چییە؟

مامۆستا ئاری: قوربانیکردن لە یەکەم تا چوارەم ڕۆژی جەژن ئەنجامدەدرێت، یەکێکە لە دروشمەکانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام هەر بۆیە پێویستە ئەو کەسەی قوربانی دەکات موسڵمان بێت، پێگەیشتوو و ئاقڵ بێت، توانای داریی و بژێوی ژیانی لە ئاستێکی باشدا بێت.

ئەو ئاژەڵەی دەکرێت بە قوربانی دەکرێت (وشتر، مەڕ و بزن، گا و مانگا) بێت، کە عەیبدار و نەخۆش نەبێت.

 وشتر، مه‌رجه‌ پێنج ساڵی ته‌واو كردبێت، مانگا، مه‌رجه‌ دوو ساڵی ته‌واو كردبێت، بزن، مه‌رجه‌ ساڵێكی ته‌واو كردبێت، مه‌ڕ، مه‌رجه‌ شه‌ش مانگی ته‌واو كردبێت.

لە ئاینی ئیسلامدا بە تەواوی ڕێنماییەکانی قوربانیکردن بۆ موسڵمانان ڕوونکراوەتەوە کە پێویستە پێوەی پابەندبن.

 

خەڵک: تا چەندێک گرنگە موسڵمانان لە جەژندا قوربانی بکەن؟

مامۆستا ئاری:  ئەرکی موسڵمانانە کە دروشمەکانی ئیسلام بەرز ڕابگرن، قوربانیکردن ڕەهەندی عیبادەتیی هەیە، کە بەشێکە لە پابەندییەکانی موسڵمانان، ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و چاکەخوازی هەیە، کە لە ڕێگەی قوربانیکردنەوە دەکرێت دەستگیرۆی فەقیر و هەژاران بکرێت.

لە ڕۆژانی جەژندا بەشێک لە ماڵە هەژارەکان گۆشت ناکڕن، چاوییان لەسەر گۆشتی قوربانییە، ئەمەش گیانی هاوکاری و پێکەوەیی موسڵمانان زیاد دەکات، چونکە ئێمە کۆمەڵگەیەکی موسڵمانین کە بەها کۆمەڵایەتییەکان تیاماندا لە ئاستێکی بەرزدایە.

 

خەڵک: بۆچی کەسانێک هەن ڕەخنە لە قوربانیکردن دەگرن؟

مامۆستا ئاری: بەشێک لە ڕێکخراو چالاکوانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ناوی مافی ئاژەڵەوە، ڕەخنە لە قوربانیکردن دەگرن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو قسانە لە کەسانێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە باوەڕ و ئیمانیان نییە و لە مافی ئاژەڵ تێنەگەیشتوون، چونکە خوای گەورە لە گەردووندا هەر زیندەوەر و ئاژەڵێکی بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک دروستکردووە، کاتێک دەفەرموێت (حەڵاڵە) واتە بۆئەوە دروستی کردووە مرۆڤ بیخوات.

لە ئاینیی پیرۆزی ئیسلامدا هیچ ئاژەڵێک نابێت سوکایەتی پێبکرێت، ئەو ئاژەڵانەشی دەکرێن بە قوربانی، چەن ڕێنمایی و ڕێکارێکی خۆی هەیە کە مافی ئاژەڵەکە تیایدا پارێزراوە، لە ڕێگەی قوربانیکردنیشەوە ئەو ئاژەڵە پلەی بەرزدەبێتەوە.

 

خەڵک: قوربانیکردن یان پارە؟

مامۆستا ئاری: قوربانیکردن و خێرکردن پابەندبوونێکی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکترەوە نییە و حیکمەت و گرنگییەکانیان جیاوازن، بە دڵنیاییەوە ئەو کەسانەی پابەندی دروشمەکانی ئیسلامن و قوربانی دەکەن، هەر ئەو کەسانەشن کە خێر دەکەن.

گرنگە موسڵمانان چەندێک لە توانایاندا هەبێت هەردووکی ئەنجامبدەن، بەڵام کەسانێک هەن بە بیانووی جیاواز ڕەخنە دەگرن و دەڵین لە جیاتی قوربانی پارەکە بکرێت بە خێر، لەکاتێکدا هەر موسڵمانانن لە کاتەکانی دیکەشدا بە پارە دەستگیرۆیی هەژاران دەکەن.

 

نرخی دۆلار دابەزی
پێت نرخی دۆلار دابەزی
لە ئاگرەکەی سلێمانیدا وەستایەک گیانی لەدەستدا
دوات لە ئاگرەکەی سلێمانیدا وەستایەک گیانی لەدەستدا
پەیوەندیدار