فرانک مەکێنزی: کوردەکان مافی خۆیانە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت



فرانک مەکێنزی: کوردەکان مافی خۆیانە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت

فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایدەگەیەنێت، کوردەکانی سوریا مافی خۆیانە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەبێت.

فرانک مەکێنزی، جەنەراڵی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکام) لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی ئایا کوردەکانی سوریا مافی خۆبەڕێوەبەریان بەدەستهێناوە، دەڵێت “بە دڵنیاییەوە کوردەکان مافی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریان هەیە، جا ئەمە چ لە ڕیگەی ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەگەڵ سوریا بێت یان نا، ئەوەیان نازانم چۆن دەبێت، بەڵام دەشزانم حکومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕووی خۆشی بەم پرسە نیشان نەداوە.”

راشیگەیاندووە:”من باوەڕم وایە ئێستا کورد لە سوریا لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە و خۆیان لە هەموو کەس زیاتر هەست بەمە دەکەن و دەشزانن داهاتوویان بەندە بە بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.”

فرانک مەکێنزی دەشڵێت:”کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا ئەو دەرفەتە دەداتەوە بە داعش جارێکتر بەهێز ببنەوە.”

فەرماندەی پێشووی سێنتکام سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەبەوەدەکات و دەڵێت:”من باوەڕم وایە کە هێزەکانمان لە عێراق پێویستە بەردەوام بن لەو ڕێگایەی ئێستا لەسەریین و لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا لە زنجیرەیەک گفتوگۆی ئاست بەرزداین بۆ ئەوەی بە تەواوی دیاری بکەین کە داهاتووی وڵاتەکە دەبێت بەرەو چ ئاراستەیەک بڕوات.”

دەشڵێت:”باوەڕناکەم حکومەتی عێراق بیەوێت ئێمە بچینە دەرەوە، هەرچەندە دەزانم حکومەتی عێراق دابەش بووە و هێزەکانی سەربە ئێران دەسەڵاتێکی زۆریان لەو وڵاتەدا گرتووەتە دەست، بەڵام هێشتا لایەنێکی بەهێز لە عێراقدا هەیە کە خوازیاری پاراستنی سەروەری عێراقە و دەیەوێت عێراق نەتەوەیەکی سەربەخۆ بێت، بۆیە باوەڕناکەم داوای ڕۆشتنمان لێ بکرێت و پێموایە لە کۆتاییشدا حکومەتی عێراق سوودەکەی ئەمە دەبینێت.”

مەکێنزی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات و دەڵێت:”بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا گڕیدراوی بوونی ئەمریکایە لە عێراق و دەڵێت “تا لە عێراق نەبین، ناتوانین لە سوریاش بین، چونکە عێراق سەکۆی هێزەکانمانە لە سوریا.”

فرانک مەکێنزی جەنەڕاڵی سوپای ئەمەریکایە کە لە ساڵی 2022 دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی وەک فەرماندەی سێنتکام خانەنشین بوو. ناوبراو لە ساڵی 2019 تا ساڵی 2022 فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ مووچەی چەند وەزارەتێک دابەشدەکرێت
پێت ئەمڕۆ مووچەی چەند وەزارەتێک دابەشدەکرێت
٤٥ دۆنم زەوی باخچەی ڕووەکی سلێمانی سووتا
دوات ٤٥ دۆنم زەوی باخچەی ڕووەکی سلێمانی سووتا
پەیوەندیدار