حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو مووچەخۆرانەی مووچەکانیان لە ڕێی “هەژماری من” وەردەگرن، ئاگاداربن، كە ئێستا لە 32 شوێنی هەولێر دەتوانن تەواوی مووچەكەیان ڕابكێشن.
حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، بۆ ئەو مووچەخۆرانەی، کە مووچەکانیان لە ڕێی “هەژماری من” وەردەگرن؛ ئەم چوار خاڵەتان لە یاد بێت و لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان هەر کێشەیەک، پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی “هەژماری من” بکەن لە ڕێی ژمارە تەلەفۆنی 1991.
ڕاشیگەیاندووە، مەرج نییە تەنها لە یەك ئامێری ڕاكێشانی پارە دەستت بە مووچەكەت بگات، چونكە ئێستا لە 32 ناونیشانی جیاواز لە شاری هەولێر دەتوانیت تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت.
دەشڵێت: “دەتوانیت لە هەركاتێك بێت بەڕۆژ و بە شەو سەردانی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بكەیت و تەواوی مووچەكەت ڕابكێشیت”.
جەختیشی كردۆتەوە، بریكارانی هەژماری من چاوەڕێتن لای ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە، هەر پرسیارێك یان كێشەیەكت هەبوو ئەوان هاوكارت دەبن.