سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕشێکی چاکسازییان لە کەرتی کشتوکاڵ دەستپێکردووە و پەتاتەی کوردستانیش لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بازاڕی سەوزە و میوەی لە ئاکرێ دانا و ڕایگەیاند، جێی خۆشحاڵییە کە هەر ڕۆژێک لە ناوچەیەکی جیای هەرێم بەردی بناغەی پرۆژەیەک دادەنرێت یان پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێم پلانی هەیە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ئاکرێ پێشبخات و ستایشی جوتیارانی ناوچەکەشی کرد کە لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا بەرەو پەیڕەوکردنی شێوازی مۆدێرن دەچن و وتیشی: پەتاتەی کوردستان لە دەرەوە خواست زۆری لەسەرە.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان شۆڕشێکی چاکسازی لە کەرتی کشتوکاڵدا دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ عێراقیش.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیشیکردەوە کە بەدواداچوون بۆ گلەیی جوتیاران دەکەن سەربارەت بە هاوردەکردنی پەتاتە لە هەندێک ناوچەوە کە کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکانی ئەوان دەبێت.