کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان چاوەڕوانی دەرکردنی فەرمانی هەرێمین بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا ئەم ساتە هیچ وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە، و کۆمسیۆن هێشتا چاوەڕێی فەرمانی هەرێم دەکات بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، دواکەوتنی دەرکردنی مەرسومی هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر کاری کۆمسیۆن دروستکردووە.
وتیشی “بەو پێیەی پەرلەمانی عێراق کاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی درێژکردەوە بۆ ماوەی 6 مانگ، ئەممەش بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە دەبێت وادەیەک دیاریبکرێت پێش کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆمسیۆن.
شایەنی باسە بڕیاربوو ئەمڕۆ 6/10 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێم بەڕێوە بچووایە، بەشدارینەکردنی پارتی و نیگەرانییەکانی پێکهاتەکان وایکرد هەڵبژاردن دوابخرێت و هێشتا وادەی نوێش دیارینەکراوە.