وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كات و مەرجەكانی وەرگرتنی منداڵانی لە باخچەكان و خوێندكارانی پۆلەكانی (1 و 6 و 9)ی بنەڕەتی ڕاگەیاند، كە 2 مانگ دەخایەنێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاریان داوە بە وەرگرتنی منداڵان لە باخچەكان و خوێندكارانی پۆلی 1ی بنەڕەتی و پۆلی (6ی بنەڕەتی لە پۆلی 7ی بنەڕەتی ئەگەر لە خوێندنگەكەی خۆی ئەو پۆلە نەبوو) هەروەها پۆلی (9ی بنەڕەتی لە 10ی ئامادەیی) لە ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لە ڕۆژی دوو شەممە 24- 6- 2024 تاوەكو 22- 8- 2024.
ڕاشیگەیاندووە، وەرگرتنی منداڵان لە قۆناغی یەكەمی باخچەی منداڵان بۆ لەدایكبووانی (1- 1 تاوەكو 31ی 12ی 2020) دەبێت، بەڵام بۆ قۆناغی دووەمی باخچە لە (1- 1 تاوەكو 31ی 12ی 2019) دەبێت.
هەر لە گشتاندنەكەدا هاتووە، وەرگرتنی خوێندكاران لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بۆ لەدایكبووانی (1- 1 تاوەكو 31ی 12ی 2018) دەبێت.
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ تۆماركردنی منداڵان و قوتابیان و خوێندكاران هەمان ڕێكارەكانی ساڵی ڕابردوو پەیڕەو دەكرێت.