سەرۆکی یەکێتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق خواستی یەکێتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئاشکرا کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد، و لە كۆبوونەوەیەكەدا دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، و جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی ناوچەكە.
سەرۆکی یەکێتی تایبەت بە هەڵبژاردن خواستی حزبەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لابردنی بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بەشێوەیەكی بێگەرد كاری لەپێشینەمان بووە، كە ئەمەش هەنگاوە دروستەكە بووە و نەمانویستووە ئەزموونی هەرێمەكەمان بخەینە مەترسییەوە، و پشت لە خواستی خەڵك بكەین و رەوتی دیموكراسی پاشەكشە بكات لە ناوچەكە.
کێشەکانی نێوان هەولێر و ناوەند باسێکی تری کۆبوونەوەکەی نیوان هەردوولا بوو، بافڵ تاڵەبانی چارەسەری دەستوورییانەی كێشەكانی دووپاتكردەوە و راشیگەیاند، هەموو هەنگاوەكانمان لە بەغدا لەچوارچێوەی پاراستنی مافی خەڵك و بەرژەوەندییە باڵاكان بووە، هەر هەوڵێكیش دژی ئیرادەی گەلەكەمان هەبووبێت رەتمانكردووەتەوە، بێگومان سوپاسی هەموو دۆستەكانیشمان دەكەین كە پشتیوانی مافە دەستوورییەكانی كورد بوون و هەوڵیان بۆ زامنكردنی داوە.