سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کرد و هەوڵەکانیان بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٩ی حوزیرانی ٢٠٢٤، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا پڕۆژە و پلانی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاوتوێ کرا، هاوکات گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و خستنەڕووی پلانی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگیەکانی تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
بەپێی بڵاوکراوەکە، سەرۆکی ئەرکان گرنگی دانی زیاتر بە بوارە جیاوازەکان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی چاکسازی، کاری لەپێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوامیش دەبێت لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بۆ ئەمەش چاوەڕوانی زیاترمان لە هاوکاری و هەماهەنگیەکانی دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە.