گفتووگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دیاری كردنی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی فیدڕاڵی بەردەوامە و بە وتەی پەرلەمانتارانی عێراق دوو ڕێگە لەبەردەم هەرێمی كوردستانە، یان ڕادەست كردنی نەوت و داهاتەكان و وەرگرتنی پشكی نزیكەی ١٤% یان هێشتنەوەی دۆخەكە وەك ساڵانی ڕابردوو بە دیاری كردنی پشكی هەرێم لە بودجە و وەرگرتنی ٢٠٠ ملیاری مانگانە.
محەمەد کەریم، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق لیژنەیەکی وزاری پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا و لیژنەکە لەلایەن وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و حکومەتی هەرێم ناچاردەکات سەرجەم داهاتەکانی ئاشکرا بکات و ڕادەستی بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن هەرێمی کوردستانیشەوە لیژنەیەك پێکهاتووە بۆ گفتوگۆ کردن و زیادکردنی پشکی هەرێم، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی سەرژمێری و ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتەوە دەتواندرێت ئەم کارە بکرێت.
كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پشكی بودجەی هەرێم، كێشەیەكی قووڵی نێوان هەولێر و بەغدایە و چەند ساڵێكە بۆتە هۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە سەریهەڵداوە لە كابینەی حكومەتەكەی نوری مالكییەوە، لەو كاتەی حكومەتی هەرێم بانگەشەی هەناردەی نەوت و ئابووری سەربەخۆی دەستپێكرد.
لای خۆشیەوە، موعین كازمی، پەرلەمانتاری كوتلەی بەدر، كە بەشێكی پێكهێنەری هاوپەیمانی فەتحە وتوویەتی، “هیچ ئاستەنگێکی ڕاستەقینە لەناو كوتلە سیاسییەکاندا نییە سەبارەت بە بودجە، جگە لە هەندێک ڕێککەوتنی پەیوەست بە لایەنی کوردی”.
وتوشیەتی، “ئەو ڕێککەوتنەی پێش پێکهێنانی حکومەت لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا کراوە، کاریگەری دەبێت لە گەیشتن بە قەناعەتی هاوبەش سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان”.
ڕاشیگەیاندووە، گوشاری پارێزگاکانی باشوور هەیە کە ٨٠%ی نەوتی عێراق هەناردە دەكەن، بەو پێیەی داوای مافی سروشتی خۆیان لە پترۆدۆلار دەکەن، هەروەها سەبارەت بە هەناردەکردنی لە کوردستانەوە دەبێت شەفافیەت هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەی بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاشان دیاریکردنی پشکی خۆی لە بودجە، بەپێچەوانەوە وەك ساڵانی ڕابردوو لایەنی دارایی ڕێكدەخرێت، واتە هەموو مانگێک مووچەی ٢٠٠ ملیار دینار و حسابی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بە بودجەی هەرێم دادەنرێت.
ئاشكراشی كردووە، “پەسەند كردنی بودجە كاتی زیاتری دەوێت و ناتوانرێت بەپەلە پەسەند بكرێت و ئەگەری ئەوە هەیە مانگی یەك و دوو تاوەكو سەرەتای ئازاری داهاتوو بخایەنێت”.
لە ماوەی ڕابردوودا دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی بە حكومەتی عێراق داوە و جەختی لە نایاسایی بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و لە ماوەی ڕابردووشدا پێش پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، چەندین فشار خرایە سەر هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت.
لە ئێستاشدا لێكنزیكبوونەوە هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت، كە كورد بەشێكی پێكهێنەری حكومەتی نوێی عێراقە و بەشێكی ڕێككەوتنەكە بۆ پەسەند كردنی یاسای نەوت و غازی عێراقە، بەڵام تا ئێستا ڕێككەوتنی كۆتایی نەكراوە و چەندین شاندی هەرێم چوونەتە بەغدا و حكومەتی هەرێمیش جەختی كردۆتەوە، كە بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.