دوای ئەوەی سعودیە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە بینینی مانگی زیلحیجەی ڕاگەیاند و ڕۆژەی هەینی كردە یەكەم ڕۆژی ئەو مانگە و یەك شەممەی داهاتوو (16ی حوزەیران)ی كردە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، فەلەكناسێكی كورد وێنەی بینینی هیلالی مانگی بڵاوكردەوە و دەڵێت: پێشتریش وتبووم، كە 16ی مانگ دەبێتە جەژن.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی و فەلەكی لە (خەڵك)ەوە وێنەی بینینی مانگی زیلحیجەی كۆچی بڵاوكردەوە و وتی، “وەک هەمیشە دیاریکردنی سەری مانگە کۆچییەکانمان ڕاست دەرچوو”.
لەماوەی ڕابردوودا ئەو شارەزا فەلەكییە بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، كە مانگی زیلقیعدە 29 ڕۆژ دەبێت و ڕۆژی هەینی 7ی حوزەیران دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی زیلحیجە و بەوهۆیەشەوە ڕۆژی شەممە 15ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفە و ڕۆژی دواتر (یەك شەممە) دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان.
لای خۆشیەوە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بۆ (خەڵك) پشتڕاستی كردەوە، كە ڕۆژی پێنج شەممە لە سعودییە مانگی زیلحیجە بینرا و هەینی بووە یەکەم ڕۆژی نۆمینەی حاجییان و ڕۆژی شەممە ( 15ی 6ی 2024 ) ڕۆژی عەرەفەیە و ڕۆژی یەک شەممە 16ی حوزەیران دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز.