هەفتەی داهاتوو هەرێم و بەغدا، لەگەڵ كۆمپانیاكان گفتوگۆ لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكەن.
هەفتەی داهاتوو هەرێم و بەغدا، لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كۆدەبنەوە، لیژنەی نەوت و گاز پێشبینی گەیشتن بە ڕێکكەوتن دەكات لەو بارەیەوە.
لەسەر داواكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارە رۆژی یەكشەممە شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان بگەنە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبنەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، شاندەکەی حكومەتی هەرێم پێكدێن لە لیژنەی یاسایی و تەكنیكی و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان (ئەپیكور).
ئاماژەی بەوەکرد، نرخی دەرهێنانی بەرمیلێك نەوت بە 14 دۆلار لە خشتەی بودجەدا جێگیركراوە، كە ئەمەش ڕەزامەندی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندی لەسەرە، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكەی نێوان هەردوولا ڕەزامەندی كۆمپانیا نەوتییەكانیش بەدەست بهێندرێت بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
سەباح سوبحی ئەوەشی خستەڕوو، هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا هەنگاوی گەورەیان بڕیوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، چاوەڕوان دەكرێت ڕێككەوتن بكرێت و حكومەتی عێراقیش كۆمپانیای سۆمۆ ئاگادار دەكاتەوە كە ئامادەكاری بكات بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
ئەو ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز ڕونیشكردەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە چەند ڕێكارێكی هونەریە كە دەبێت حكومەتی عێراق لەگەڵ حكومەتی توركیا ئەنجامی بدات، بۆ ئەوەی پرۆسەكەی لە بۆری جەیهانەوە دەستپێبكاتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا سەرجەم رێكارەكانی تەواو بكرێن و جارێكی تر پڕۆسەكە دەستپێبكاتەوە.