قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشكاری دەكات، ئەمڕۆ بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و ڕێنماییەكانەوە، كافێیەك و مینی ماركێتێك و دوكانێكی گۆشت فرۆشتن داخران.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج و ڕێنماییەکانی تەندروستی و هەبوونی مناڵی خوار تەمەن (18) ساڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی های ریست کافێ لە گەڕەکی ڕاپەڕین دادەخات.
ڕاپۆرتی لیژنەی بەکرەجۆی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەی خستۆتەڕوو؛ لەکاتی سەردانی لیژنەکە بۆ های ریست کافێ دەرکەوتووە پابەندی مەرج و ڕێنماییەکانی تەندروستی نابێت و مۆڵەتی کارکردنی وەرنەگرتووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، یەکێکی دیکە لەسەرپێچییەکانی های ریست کافێ هەبونی مناڵی خوار تەمەن (18) ساڵ لەشوێنەکەدا، کەبەپێی یاسا و ڕێنماییەکان پێویستە خاوەنەکەی ڕێگا لەهاتووچۆکردنی نەوجەوانان بگرێت بۆ شوێنەکەی، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی های ریست کافێ دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
قائیمقانمیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكی دیكەدا ئاشكرای كردووە، بەهۆی پابەند نەبوون بەمەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن و بونی بڕێکی زۆر گۆشتی بێمۆر لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ جاری دووەم گۆشتفرۆشی محەمەد (ژێوار)ی لەشەقامی مەولەوی داخست.
جەختیشی كردۆتەوە، بهفهرمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنەکە دادهخرێت و گۆشتەکەش لەناو دەبرێت و خاوهنهكهشی ڕووبهڕووی ڕێكاری یاسایی دهكرێتهوه.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەت، بەهۆی فرۆشتنی پاکەتی جگەرە و جگەرەی ئەلیکترۆنی بەتەمەنی خوار (18) ساڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی مینی مارکێتی گوندی ئەڵمانی یەک دادەخات.