ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق نامەیەکی کراوەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد، و داوا دەکات مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرجبکرێت.
کاروان یار وەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی نووسیوە و دەڵێت” هێزی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان چەندین ساڵە لەرووبەروبونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی لەناوچوو تا تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان ڕۆڵی گرنگیان هەیە”.
دەقی نامەکەی کاروان یار وەیس:
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەڕێز دەوڵەتمەدار ئەندازیار محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدرالی عێراق سڵاو و رێز…
ئەو راستیە ناشاردرێتەوە، کە بەڕێزتان لەچارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدرالی و هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی گەورەتان هەیە، کە دوای زیاتر لە یانزە ساڵ ئاسۆی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە قووڵە بەدەرکەوت.
بەڕێز سەرۆک وەزیران … پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، چەندین ساڵە لەرووبەروبونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی لەناوچوو تا تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان و سەروماڵی هاوڵاتیان قوربانی ئەدەن، بەڵام بەداخەوە بۆ دوو مانگ ئەچێت مووچەیان وەرنەگرتوە، هەر لەناو ئەو لیستانە لیستی مووچەی پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر هەیە، کە ئەو مرۆڤانەن تەمەن و جەستەی خۆیان بەخشی بە ئازادی بۆ عێراق و کوردستان.
داوا لەبەڕێزتان دەکەین، وەکو دەسپێشخەری و هەوڵە جدییەکانی ترتان، فەرمان بکەن کە هەرچی زووە مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ئاسایش ناوخۆ و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر خەرج بکرێ و چارەسەری گونجاویش گەلالە بکرێ بۆ ئەم کێشەیە، و پێویستە حکومەتی هەرێمیش باشتر هەماهەنگی بکات و بێتەپێشەوە.
لەگەڵ رێزدا.
پەرلەمانتار کاروان عەلی یاروەیس ٦ / ٦ / ٢٠٢٤