وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد



وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەستیپێکرد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانیش دەڵێت، “تا شوێنمان هەبێت وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت”.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی خەڵکی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ دەرگای سایلۆکانی سلێمانیمان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کردەوە.

وتیشی، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی لە هەولێر، هەروەها دهۆک سایلۆکان بە ڕووی جوتیاراندا کرانەوە.

لەبارەی نرخی وەرگرتنی گەنمەوە ئاماژەی بەوەکرد، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نرخی وەرگرتنی گەنم ٨٥٠ هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێک، بڕی وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی ٢٨٢ هەزار و ٦٦٠ تۆن دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕاستیدا وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کاتی بۆ دیاریکراوە، بەڵام تا شوێنمان هەبێت و گەنم هەبێت، بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی گەنم.

سەبارەت بە وادەی وەرگرتنی پارەی گەنم لەلایەن جوتیارانەوە وتی، کەوتووەتە سەر بەپێی ئەو بڕە پارەیە کە لە بەغداوە دێت، بەڵام تا ئێستا بڕە پارەیەکی ئەوتۆ نەخراوەتە سەر هەژماری سایلۆکانی سلێمانی، بۆیە ناتوانین پارەی پێویستی هەموو جوتیاران دابینبکەین.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەم ساڵ ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ٢٨٢ هەزار و ٦٦٠ تۆنیان بۆ دیاریکراوە کە دەکاتە ٤٠٪ی ٧٠٠ هەزار تۆنەکە.

لە پارێزگای دهۆک ١٨٩ هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە ٪٢٧.٠٢ی ٧٠٠ هەزار تۆنەکە؛ لە پارێزگای هەولێریش ٢٢٨هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە ٪٣٢.٥٨ی ٧٠٠ هەزار تۆنەکە.

بەغدا پارەی مووچەی ڕەوانەی هەرێم کرد
پێشت بەغدا پارەی مووچەی ڕەوانەی هەرێم کرد
“لیستی مووچەی هێزەئەمنییەکان پڕیەتی لە ناوی وەهمی”
دواتر “لیستی مووچەی هێزەئەمنییەکان پڕیەتی لە ناوی وەهمی”
پەیوەندیدار