ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی هێزەئەمنییەکانەوە ڕایگەیاند، “حکومەتی عێراق مووچە لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە دەنێرێت، نەک کۆد”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی پرسی مووچەی یەکلاکردەوە، نەک حکومەتی هەرێم و عێراق.
وتیشی، لە لیستی مووچەی دەزگائەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندا هێزەکانی (بەرگری، فریاکەوتن، زێرەڤانی، هێزەکانی ٧٠ و ٨٠) پڕیەتی لە ناوی وەهمی، حکومەتی هەرێم کۆدی ناردووە بۆ بەغدا، بەڵام عێراق قبوڵی ئەمە ناکات.
جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە مووچەی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگ دەبێت هێزەئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی وەرنەگرتووە، تا ئێستاش مووچەخۆرانی مەدەنی مووچەی مانگی ئایار-یان وەرنەگرتووە.