بەرگری شارستانی دهۆک ئاماری ئاگرکەوتنەوەی لە سەرەتای ساڵەوە بلاوکردەوە و دەڵێت”431 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون”.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 431 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، و تەنها لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا 86 دۆنمی گەنم لە سنووری پارێزگاری دهۆک سووتاون.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوجانەدایە کە زەوی جوتیارانە و بەتایبەت گەنمی تێدا چێندراوە، هاوکات بەهۆی ئەوەی وەرزی دروێنەی گەنم دەستیپێكردووە، لە ئێستادا 24 تیمیان بەسەر ئەو ناوچانەدا بڵاوەپێكردووە کە بنکەی ئاگرکوژێنەوە لێیانەوە دوورن.
بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی دهۆک رۆژانە نزیکەی 20 بۆ 25 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک روودەدن، واتا لە هەر کاتژمێرێکدا رووداوێک تۆماردەکرێت.
سەبارەت بە زیانە گیانییەكان وتەبێژەكەی بەرگریی شارستانی وتی، بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەبەردەستدان لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار كەس بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە سووتاون، شەش كەسیش خنكاون، تیمەكانیشیان توانیویانە 285 كەس لە خنكان رزگاربكەن.