مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”یان تاوتوێ کرد



مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”یان تاوتوێ کە عێراق بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە مەسرور بارزانی پێشوازی کردووە لە ستیڤن ھیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ ئاڵوگۆڕ کراوە، ھەروەھا سەردانی ھەفتەی ڕابردووی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان، بە ھەنگاوێکی گرنگ دانراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و کارنامەی حکوومەتی فیدڕاڵیی.

باسی لەوەش کردووە، کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگای ھێڵی ئاسنینی عێراقەوە بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە و لەوبارەیەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پڕۆژەی ڕێگای “گەشەپێدان”، بە ھەرێمی کوردستان تێپەڕ بێت و ھەموو پێکھاتە و ناوچەکانی عێراق لەم پرۆژە ستراتیژییەدا سوودمەندبن.

پڕۆژە “ڕێگای گەشەپێدان”، ڕێگای وشکانی و هێڵی ئاسنین لە خۆدەگرێت کە ناوچەی کەنداو لە ڕێگای عێراقەوە بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر بە ئەورووپا دەبەستێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لەوە کراوە کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، ئەنجام بدرێت.

ڕاشیگەیاندووە کە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ھەموو کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم ھەڵبژاردن و بەشداربوونی ھەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکھاتەکان.

کارەبای سلێمانی سزادانی هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت
پێشت کارەبای سلێمانی سزادانی هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت
هونەرمەندێکی خۆشنووس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە
دواتر هونەرمەندێکی خۆشنووس مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دەڕازێنێتەوە
پەیوەندیدار