هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق لەسەر وەرگرتنی گەنمی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن و پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: 700 هەزار تەن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ عێڕاق ڕەزامەندیدا كە (٧٠٠) هەزار تەن گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت.
وتیشی، “ئەم ساڵ كۆششی باش كرا و بەردەوام بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ بۆ داكۆكی لەم پرسە، كە لە زۆرێك لە كۆبونەوەكانی بەغدا لەگەڵیان بووین تا وەك پاڵپشتیەكی بەهێزی لیژنەی كشتوكاڵی پەڕلەمانی داكۆكی كاری خواستی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بكەین، گەیشتە ئەنجام”.
جەختیشی كردەوە، د.عباس علیاوی، وەزیری كشتوكاڵی عێراق هاوكار و نەرمی نیشانداوە.
لای خۆشیەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕایگەیاند، بەغدا ڕازی نەبوو هەموو گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، بۆیە ڕێككەوتین لەسەر وەرگرتنی 700 هەزار تەن و ئەمڕۆش كۆنووسەكە لەنێوان هەردوو وەزارەت واژۆكرا.
ئاشكراشی كرد، لە سبەینێوە دەرگای سایلۆكان بەڕووی جوتیاران دەكرێنەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.