دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گیان لەدەستدانی حاجییەكی كورد لە سعودیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم جەختدەكاتەوە، كە سەرجەم حاجییان سەلامەت.
كاروان ستونی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند،، ئەمساڵ تا ئێستا هیچ حاجییەکی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستنەداوە و سەرجەمیان سەلامەتن.
وتیشی، “ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی حوزەیران دوا كاروانی حاجیانی هەرێم، کە ژمارەیان 345 حاجییە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێكەوتن”.
جەختیشی كردەوە، سعودیە دەستی كردووە بە گرتنی حاجییانی قاچاخ، لەكاتێكدا ئێمە لە سەرەتاوە بە خەڵكمان ڕاگەیاند، كە بە ڤیزەی ساڵانە هەوڵی حەج كردن نەدەن، چونكە خۆیان بەرپرسیار دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی مردنی حاجییەکی کورد بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە دەکرێت ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە یەکێکە لەو حاجییانەی بە ڤیزەی گەشتیاری سەردانی سعودیەی کردووە.