چەند سەرنجێک بۆ کۆنفرانسی سەرپەرشتیاری



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

هاوزەمان لەگەڵ دەستپێکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە مۆدێلە تازەکەی، سەرپەرشتیاران کە لە ژێر ناوی ‘پشکێنەر’ بوون، بەشێکی گرنگی کۆی پرۆسەکەیان پێکدەهێنا، لەگەڵ فراوان بوونی پشکێنەرەکانیش زۆرتر بوون، لەبەر ئەوەی کەسانی زۆر بژاردەی نێو مامۆستایان بوون و بە چەند فلتەرێکیش تێدەپەڕین تا دەبوون بە پشکێنەر، سەنگێکی تەواویان لە هەموو بوارێکی پەیوەندیدار بە پەروەردە و فێرکردنەوە هەبوو، بێگومان بە مامۆستایانیشەوە.

من کە خوێندکار بووم زۆر چاکم لە بیرە، ئەو کاتەی بڕیار بوو پشکێنەر سەردانی بکات، تەواوی خوێندنگەکە بە خوێندکار و بەڕێوەبەر و مامۆستایان و کارمەندەکانیشەوە دەخرۆشان، وەک ئەوەی کەسێکی زۆر گەورە سەردانبکات، بە کرداریش هەر وابوو، چونکە ئەوانەی دەهاتن واتە پشکێنەرەکان، کەسایەتیەکانیان بە حوکمی ئەوەی پێگەکەیان بەرجەستەکراو و جگە لەوەش زانیاری زۆریان هەبوو، بەسەلیقە و ڕێکپۆش و پۆشتەشبوون، وا دەهاتنە بەرچاوان زانستیان لێدەبارێت کە بوومە مامۆستاش هەر تێڕوانیم وابوو کە ئەوانە زۆر گەورە و دەوڵەمەندن لە پەروەردە و مەعریفەتدا پێویستە لێیان فێربین.

باشم لە بیرە یەکەمجار کە پشکێنەر هات وێڕای بینین و گفتۆگۆیەکی نەرم زۆر ڕێنمایی بۆ نوسیم، لە بواری ئیداری و پەروەردەییەوە شارازییەکی زۆر باشم لێوەرگرت، تا ئێستاش کاریگەری هەندێکیان لەسەرم ماوە بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ مامۆستایان و ئیدارەدان و چارەسەرکردنی کێشەکانەوە.

بەهەرحاڵ چەندی لەسەر ئەو زەمانە بنوسیت هێشتا هەر کەمە، چونکە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە دامەزراوەییەوە بەڕێوەدەچوو و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دادەنرا، نە مەحسوبیەت و نە مەنسوبییەت و نە سیاسەتی زەق و تەسک وەک ئەمڕۆ هەبوو، دەخوازم ئەوەم بۆ بە کۆنەخوازی لێکنەدەنەوە.

لەلای من ئەو سیستەمە هەر نوێیە خۆزگە ئەو نەزمە هەر بمابا بەڵام چاکسازی تێبکرابا، مخابن پەروەردە و فێرکردن لە دوای ڕاپەڕین لە بری چاکسازی خاوبوونەوەیەی زۆری بە خۆوە بینی و بە کۆمەڵێک کێشەوەش بارگاوی بوو، وەک کەمی بینا و باڵەخانە، کەمی میلاک، نەبوونی ڕاهێنانی بەردەوام، کەموکوڕی لە ماوەی ساڵی خوێندن، خاوبوونەوەی ئەرکی پشکێنەرەکان’سەرپەرشتیاران’.

من نامەوێت لەم وتارەم باسی هەموو وردەکارییەکان بکەم، تەنها دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر ئەرکی سەرپەرشتیارن کە بە لای خۆمەوە زۆر گرنگن، هەروەک لە پێشدا وتم ئەرکی سەرپەرشتیاران بە کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردە خاوکراییەوە، کرایە حەقلی تاقیکردنەوە هەر جارێ لە ژێر ناوونیشانێک و ئەجندایەک، ئیتر ڕەونەقەکەی زۆر کاڵبووەوە، کار گەیشتە ئەوەی ڕایەک لە ناو وەزارەت دروستبێت، ئەو دەزگایە هەر نەهێڵێرێت.

ئەوەش هەڵوێستەی دەوێت، بەڵام با جارێ لێی گەڕێین و بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە، بەبڕوای خۆم دەبێت پڕۆسەی سەرپەرشتیاری بایەخێکی زۆری پێبدرێت، هیچ نەبێت با چاو لە کۆریای باشوور و تورکیا و ئێران و سعودیە بکەین، سەرباری پێشکەوتنی زۆر هێشتا پڕۆسەی سەرپەرشتیاری لایان زۆر گرنگە و بەردەوام پەرەی پێدەدەن، دڵنیام هیچ بیرۆکەیەک لایان نییە بۆ پەراوێز خستن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی.

بۆیە نابێت و ناکرێت لە زهنی هیچ کەسێکدا هەبێت، ڕۆڵی دامەزراوەی سەرپەرشتیکردن کەمبایەخ و بچوک بکرێتەوە، بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەگەر بە ئاشکراش نەبووبێت، بەڵام لە ژێرەوە هەوڵێک لە ئارادابووە بۆ لە قاڵبدانی ئەو دامەزراوەیە.

زۆر پێم باشە وەزرات و لایەنی پەیوەندیدار بڕیاریان داوە کۆنفراسێک ببەستن، بۆ هەڵوێستەکردن و پەرەپێدانی ئەو دەزگایە، داخوازم بە کردارەکی جێبەجێیبکەن تەنها وەکو مەرەکەب لە سەر کاغەز نەمێنەتەوە، لە لای خۆشمەوە هەندێ سەرنج بۆ کۆنفرانسەکە بە گرنگ دەزانم، لەوانە:

یەکەم، سەربەخۆکردنی دەزگای سەرپەرشتیاری و جیاکردنەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان، ڕاستەخۆش سەربە وەزارەت بکرێت

دووەم، دامەزراندنی یەکەیەکی ژمێریاری سەربەخۆ، بۆ ئەوەی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی نەکەوێتە بەر هەژموونی هیچ لایەک.

سێیەم، گەڕاندنەوەی پسپۆڕی و گۆڕینی ناوونیشانیان بۆ سەرپەرشتیار، نەک هاوڕێی ڕەخنەگر، من هەمیشە لەگەڵ ئەو ناوە ناکۆک بووم، لەبەر ئەوەی هەر بەو ناوەش دەتوانن ئەو پێشەنگایەتییە بکەن.

چوارەم، لە هەموو وردەکارییەکی ناو ناوەندی خوێندن، گواستنەوە، دانانی بەڕێوەبەر، یاریدەدەر، هاوسەنگکردنی میلاک، هەر بابەتێکیتری پەیوەست بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بە کردار سەرپەرشتیار ئاگاداربکرێتەوە و بە بێ ڕای ئەو نەکرێت، جێگەی بیرهێنانەوەیە چەند ساڵێکە جەنجاڵی زۆبەی ناوەندەکانی خوێندنی گرتۆتەوە، کۆمەڵێک شت دەکرێت بێ ئاگاداری ئەو بەڕێزانە.

پێنجەم، لەم دواییە دەزگایەکی ڕاهێنان، بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن زیادکراوە، جۆرێک لە تێکەڵی لەناو ناوەندەکانی خوێندن لەگەڵ ئەرکی سەرپەرشتیاری دروستکردووە و مامۆستایانیش پێیەوە نیگەرانن، بۆیە باشترە ئەو دوو لایەنە یەکبخرێن یا ئەوەتا پڕۆسەی ڕاهێنان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی مەشق و ڕاهێنان، بەڵام بە شێوەیەکی دامەزراوەییتر و بەرفراوانتر، پێویستە بوترێت بەشێک لە مامۆستایان پێیان وایە ئەو شێوە ڕاهێنانە کاتی زۆریان لێدەبات و بە قەد ئەوەش سودی لێ نابینن، قسەی تریشیان هەیە.

شەشە، سەردانەکان زیاد و جۆراجۆر بکرێن، هەڵسەنگاندنیش ئەنجام بدەن بەڵام بە شێوەیەکی زانستیانە و پیشەییانە.

ڕەنگە زۆر وردەکاریتر هەبێت ، بەڵام بەڕاستی من ئەوانە بە گرنگ دەزانم بۆ چالاککردنەوەی دەزگای سەرپەرشتیاری و ڕۆڵگێڕانی بە پێی پێویست، ئومێددەکەم لەو کۆنفرانسە بەرجەستە بێت.

دابەشکردنی ئاوی ماڵان ئاسایی بووەتەوە
پێت دابەشکردنی ئاوی ماڵان ئاسایی بووەتەوە
بایدن بۆ یەکەمجار ترەمپ بە “تاوانبارێکی سزادراو” وەسف دەکات
دوات بایدن بۆ یەکەمجار ترەمپ بە “تاوانبارێکی سزادراو” وەسف دەکات
پەیوەندیدار