پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە چوونەتە وەزارەتی دارایی بۆ بەدواداچوونی مووچەی هێزە ئەمنییەكان و دەڵێت: نەهاتنی مووچە پەیوەندی بە تەواونەبوونی وردبینی و تێبینی دارایی هەیە لەسەر لیستەكان.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ دوو شەممە 3ی حوزەیرانی 2024 لەگەڵ د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی سەردانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵمان کرد بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی دارایی پەیوەست بە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تایبەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، پەیوەندی هەیە بە تەواونەبوونی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و ئەو تێبینیانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەکانیان”.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی بە د. نەرمین مەعروفەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.