سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەپەیوەندی بەردەوامداین تاوەكو كێشەی مووچە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەین و دەشڵێت: ئەركی حكومەتە باشترین ڕێگاوبان بخاتە خزمەتی خەڵك.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكدا لەكاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت ڕایگەیاند، ئەركی حكومەتە باشترین ڕێگاوبان بخاتە خزمەتی خەڵك و سەرەڕای قەیرانەكانیش هەوڵمانداوە باشترین خزمەتی خەڵك بكەین.
درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.
ڕاشیگەیاند، زۆر جار دەبینین هاووڵاتیان محەڕەماتی شەقام و ڕێگاكان پێشێل دەكەن و كاڵا و شمەك لەسەر ڕێگاكان دادەنێت، كە ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان و كەسوكاریان و خەڵك دروست دەكات، بۆیە ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەڕێگای لێكتێگەیشتن ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و هاووڵاتیانیش محەڕەماتی ڕێگاكان بپارێزن.
مەسرور بارزانی پەیامێكی ئاڕاستەی مووچەخۆران كرد و وتی، “ئەركی ئێمەیە مووچەی مووچەخۆران دابین بكەین و لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەپەیوەندی بەردەوامداین تاوەكو ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكەین”.
وتیشی، “دەخوازین بابەتی مووچە بەتەواوی چارەسەر ببێت، چونكە ناكرێت چیدیكە سەرقاڵی بابەتی مووچە و مافەكانمان بین”.