بۆمبی “قەیسەر”، خراپترین سیناریۆی جەنگی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا



چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لە نێویاندا ئەمریکا لەم دواییانەدا ڕەزامەندی خۆیان بە هێزەکانی ئۆکراین دا، کە چەکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی ڕووسیا بەکاربهێنن، ئەمەش وایکرد دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام، ئاماژە بەوە بکات ململانێی سەربازی ئێستا لەگەڵ ڕۆژئاوا لە گەشەکردندایە بەپێی ئەگەری خراپترین سیناریۆ.

 

مێدڤێدێڤ وتی: “هەرچەندە بەشێک لە شارەزا خانەنشینانەکانی ناتۆ قسە دەکەن لەسەر ئەوەی کە ڕووسیا هەرگیز چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە دژی ئۆکراین بەکارناهێنێت، بەڵام زۆر ترسناکتر و دژوارتر لە ژیاندا دێتە پێش”.

 

مێدڤێدێڤ دەڵێت؛ “بەداخەوە ئەمە ترساندن و فێڵێکی ئەتۆمی نییە، بەڵام ململانێی سەربازیی ئێستا لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەگەر هەیە بەپێی خراپترین سیناریۆ پەرەبستێنێت”.

 

 بۆمبی ئەتۆمی قەیسەر

“بۆمبی قەیسەر” لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦١ لە شوێنی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی سوخۆی نۆز لە دوورگەی نۆڤایا زێملیای ڕووسیا تاقی کرایەوە.

 

هێزی تەقینەوەکە ٥٨ مێگاتۆنی تێپەڕاند، بەرزی تەقینەوەکەش ٦٧ کیلۆمەتری تێپەڕاند.

 

ڕووناکی تەقینەوەکە لە دووری زیاتر لە هەزار کیلۆمەترەوە دیار بوو،  لە گوندی دیکسۆن کە ٧٨٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی تەقینەوەکەوە دوورە، پەنجەرەی ماڵەکان شکان و شەپۆلی تەقینەوەکە ٣ جار بە دەوری گۆی زەویدا سووڕا.

 

 توانا ئەتۆمییەکانی ڕووسیا

ئەمڕۆ ڕووسیا خاوەنی گەورەترین و پێشکەوتووترین جبەخانەی ئەتۆمییە لەسەر زەوی، و پێشکەوتووترین سیستمی گەیاندنی هەیە تا ئێستا.

 

فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی دەڵێن؛ لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، ڕووسیا نزیکەی پێنج هەزار و ٩٧٧ کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، لە کاتێکدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٥ هەزار و ٤٢٨ کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ لەو کڵاوە ئەتۆمییانە لە خزمەت دەرهێنراون، هاوکات دوو هەزار و ٨٩٩ سەری ئەتۆمی یەدەگن، هەزار و ٥٨٨ مووشەکی ئەتۆمی جێگیرکراون.

 

جۆن کیربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رۆژی یەکشەممە ٢/٦/٢٠٢٤ ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێکردنی سێیەم جەنگی جیهان لەڕێگەی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ کیێڤ.

 

کیربی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC ڕوونیکردەوە: “سەرۆک دەڵێت نایەوێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێکردنی سێیەم جەنگی جیهان، لەڕێگەی پشتگیریکردنی واشنتۆن بۆ کیێڤ لە ململانێی ئۆکرایندا”.

کیربی ئاماژەی بەوەدا کە “ئەمریکا بەدوای ململانێ لەگەڵ ڕووسیا و هیچ هێزێکی ئەتۆمی دیکەدا ناگەڕێت”.

 

پێشتر ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ئاشکرایکردبوو، سەرۆکی ئەمریکا، رەزامەندی داوە کە هێزەکانی ئۆکراین دەتوانن بە چەکی ئەمریکایی ئامانجەکانیان لە ناو خاکی رووسیادا بپێکن.

 

جێگای سەرنجە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، وێڕای قسەکردن لەسەر پێشنیارەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە ڕێگەدان بە کیێڤ بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی ڕووسیا، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ناتۆ دەبێ لەوە تێبگەن کە یاری بە چی دەکەن.

زیاتر لە 400 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراوە
پێشت زیاتر لە 400 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر تۆمارکراوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیاری دا
دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرژەوەندی خوێندکاران بڕیاری دا
پەیوەندیدار