بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، هاتنی شەپۆلی گەرمای بەتینی هاوینە لەمساڵدا دوادەكەوێت و لەم مانگەدا بەختەباران بەردەوام دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، وەك پێشتریش وتوومە، بۆ مانگی 6 بەختەباران دەمێنێت و هێشتا ئەگەری باران بارین ماوە بۆ ناوچە جیاوازەكان و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
مۆدێلی (جفسی ئەمریکی) که باشترین دەزگای پێشبینی مەودا درێژە، ئاماژە بە حاڵەتی باران و هەورەبروسکە دەکات بۆ ناو مانگی 6 بۆ ناوچە جیاوازەکان.
ڕوونیشی كردەوە، هەفتەی داهاتوو ئەگەری باران بارین هەیە و هەروەها هیچ شەپۆلێکی گەرمای بەهێزی هاوینی بۆ ناو مانگی 6 دەرنەکەوتووە و گشت شەپۆلەکان نۆڕماڵ و ئاسایی دیارن.
جەختیشی كردەوە، “پێشتریش وتومە مانگی 6 بەنسبەت مانگی 7 و 8 کەمتر گەرمای تێدایە و ئەگەری زۆرە مانگی 6 پلەکانی گەرما لەئاستێکی نۆڕماڵ بێت، بەڵام 7 و 8 گەرمتر دەبێت و دەچێتە سەروی نۆڕماڵ و ئیشەڵا گەرمای ئەمساڵ جێی مەترسی نابێت و ئاسایی دەبێت”.