سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق جەختیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا كردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، پێشوازی لە دەیڤد بێرگر هەڵسوڕێنەری کارباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا ، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەشێوەیەک کە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگێندرا.
جەختکردنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.