ڕیاڵ مەدرید دۆرتمۆند و کۆمپانیایەکی بواری (چەک)ی تووشی شکستکرد



شەوی ڕابردوو لە میانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کۆمپانیای ڕاینمێتاڵی ئەڵمانی، یەکێک لە ناخۆشترین شەوەکانی خۆی بەسەر برد بەهۆی شکستی بروسیا دۆرتمۆند و بەدەستهێنانی نازناوەکە لە لایەن ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی.

 

کۆمپانیای ڕاینمێتاڵی ئەڵمانی، سێ ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی نێوان هەردوو یانە، گرێبەستێکی سپۆنسەری لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆند ئەنجامدا، ئەگەرچی ئەم سپۆنسەرییە بووە هۆی بەرزبوونەوەی دەنگی نارەزایی و بە دەستێوەردانی پیشەسازی چەک بۆ ناو جیهانی تۆپی پێ لێکدرایەوە، لە لایەکی دیکەش ئامانجی سپۆنسەرییەکە دەستکەوتنی ناوبانگ و پەیداکردنی شۆرەتی زیاتر بووە لە ئەگەری سەرکەوتنی یانە ئەڵمانییەکە لە خولی یانە نایابەکانی ئەوروپادا، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ شکستپێهێنانی خەونی دۆرتمۆند شکستیشی بە کۆمپانیا ئەڵمانییەکە هێنا.

 

لەمبارەیەوە ڕۆبەرت هابێک، وەزیری ئابووری و جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، دانی بەوەدانا کە ڕێککەوتنی کۆمپانیای ڕاینمێتاڵ، لەگەڵ بوروسیا دۆرتمۆند “نائاسایی” بووە.

 

گرێبەستەکەی دۆرتمۆند و ڕاینمێتاڵ کە بەهای ملیۆنان یۆرۆیە بۆ ماوەی سێ ساڵ، کۆمپانیاکە پەیامی بازرگانی لە یاریگای بەناوبانگی سیگناڵ ئیدۆنا پارک بڵاودەکاتەوە، لەکاتێکدا پێناچێت ڕیکلامەکانی لەسەر درێسی یاریزانان چاپ بکات.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئارمین بابێرگەر ڕایگەیاند، دەرکەوتنی لۆگۆی “ڕاینمێتاڵ” لەسەر یاریگاکانی تۆپی پێ ئامانجی ئەوەیە ناوی کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بناسرێت.

 

لە بەیاننامەیەکیشدا کە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، هانس یواکیم ڤاتسکەی سەرۆکی یانەی بروسیا دۆرتمۆند ڕایگەیاند؛ یانەکەیان “دەرگاکانی گفتوگۆ بەڕووی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی چەک دەکاتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی دارایی بۆ ڕاییکردنی کار و پێداویستییەکانی بوروسیا دۆرتمۆند”.

 

ڤاتسکە بەرگری لە ڕێککەوتنی یانەکەی و کۆمپانیای ناوبراو کرد و ڕایگەیاند “لە واقیعی ئێستای شەڕ لە ئەوروپا، ئاسایش و بەرگری بەردی بناغەی بنەڕەتی دیموکراسی ئێمەن”.

 

لە لایەکی دیکە، زۆرێک لە هاندەرانی دۆرتمۆند ناڕەزایی خۆیان لە گرێبەستەکە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، بەها بەرزەکانی یانەکەیان فەرامۆش کردووە، کە دروشمی یانەکە کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی لەخۆدەگرێت.

 

کۆمپانیای ڕاینمێتاڵ یەکێک لە دیارترین کۆمپانیاکانی دابینکەری چەکە بۆ ئۆکراین.

 

 

دەربارەی ڕاینمێتاڵ

بنکەکەی لە شاری دۆسلدۆرفە و کەمتر لە کاتژمێرێک لە دۆرتمۆندەوە دوورە.

ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا ببێتە گەورەترین تاکە بەرهەمهێنەری تەقەمەنی تۆپخانە لە جیهاندا.

کۆمپانیاکە داواکارییەکی پێوانەیی لەلایەن هاوپەیمانانی ڕۆژئاواییەوە بۆ ئەو چەک و چۆڵانە بەخۆیەوە بینیوە کە دەتوانرێت بۆ ئۆکراین بنێردرێت.

بەشداریی بەرهەمهێنانێکی کاریگەر دەکات لە پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و جبەخانەی ئەڵمانیا لە تەقەمەنی، دوای ئەوەی وردە وردە کەمیکردووە لە ئەنجامی ناردنی چەک بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ ئۆکراین.

بەپێی خەمڵاندنەکان، بە بەهای ٤٠ ملیۆن یۆرۆ ڕاینمێتاڵ پشتگیری دارایی لە حکومەتی ئەڵمانیا وەردەگرێت بۆ مۆدێرنکردنی سوپای ئەو وڵاتە.

مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی “دابەش دوو” دەدرێت
پێشت مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی “دابەش دوو” دەدرێت
کۆمپانیایەکی جیهانی کتێبی توێژەرێکی کورد بڵاودەکاتەوە
دواتر کۆمپانیایەکی جیهانی کتێبی توێژەرێکی کورد بڵاودەکاتەوە
پەیوەندیدار