کۆریای باکور شەوی ڕابردوو نزیکەی ٦٠٠ باڵۆن زبڵ و خاشاکی ڕەوانەی کۆریای باشوور کرد، پیۆنگ یانگیش دەڵێت؛ ئەم کارەیان بۆ توڕەکردنی دراوسێکەی بووە.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، باڵۆنەکان کە زبڵ و خاشاکیان هەڵگرتووە لە دەوروبەری پایتەخت کەوتوونەتەخوارەوە و زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر هاتنی باڵۆنەکان بەردەوامی هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپا چاودێری ئەو کارەی کردووە و کارەکان بۆ بەدواداچوون و کۆکردنەوەی ئەو باڵۆنانەی کە پیۆنگ یانگ رەوانەی کردوونبەردەوامە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کۆریای باکوور سەدان باڵۆن کە زبڵ و پاشماوەی هەڵگرتبوو، ڕەوانەی سنوورە بەهێزکراوەکانی کرد و بە “دیاری دڵسۆزانە”ی وڵاتەکەی بۆ کۆریای باشووری وەسف کرد.
لەبەرامبەردا، سیئۆل بە تووڕەییەوە وەڵامی کۆریای باکووری دایەوە و ئەو هەنگاوەی بە نەفرەت لێکراو و مەترسیدار وەسف کرد.
سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە کە وەزیری بەرگریی “شین وۆن سیک” لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی “لۆید ئۆستین” لە پەراوێزی گفتوگۆی ئەمنی (شانگریلا) لە سەنگافورە ڕایگەیاند؛ باڵۆنەکان ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢- ٦- ٢٠٢٤ لە پارێزگاکانی باکووری گیۆنگسانگ و گانگون و هەندێک ناوچەی سیئۆل ئاگادارکردنەوەی فریاگوزاری بڵاوکرایەوە و داوا لە خەڵک کرا دەست لە باڵۆنەکان نەدەن تا تیمی تایبەت دەگاتە سەریان.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بە پشتبەستن بە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، لیژنەی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆریای باشوور پاشنیوەڕۆی یەکشەممە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی وەڵامی باڵۆنە زبڵ هەڵگرەکانی پیۆنگ یانگ دەکات.
باڵۆنەکانی کۆریای باکوور بە کیسەی پاشماوە بارکرابوون کە بریتی بوون لە پاتری بەکارهێنراو و فلتەری جگەرە و زۆرێک لە پاشماوە پیسەکانی دیکە، بەپێی وتەی سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور.
لای خۆیەوە، پیۆنگیانگ دەڵێت ئەو باڵۆنانە وەڵامێکە بۆ هەڵمەتی پڕوپاگەندەی بەردەوامی لایەنگرانی دژ بە کۆریای باکوور و چالاکوانانی کۆریای باشوور کە باڵۆنەکان ڕەوانەی سنوورەکانیان دەکەن و پەیامی دژە حکومەتی پیۆنگیانگ و خواردن و دەرمان و پارە و یو ئێس بی پڕکراو لە کلیپی ڤیدیۆییان تێدایە کە لە کۆریای باکوور قەدەغەکراون.
هاوکات، کیم یۆ جۆنگ خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور دووپاتی کردەوە کە ناردنی “بالۆنی زبڵ” بۆ دراوسێکەیان لە چوارچێوەی مومارەسەی ئازادی ڕادەربڕینی کۆریای باکووردا دێت.