یان (پزیشکیی) یان (ئەندازیاریی) .. ئایا ئەمە ڕاستە ؟!



د. سەعید علی محمد

هەموو ساڵێك لەم كاتەدا بەتایبەتی كە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی قۆناغی ئامادەیی دەست پێدەكەن ، زۆربەی خێزانەكان دەكەونە كێشمە كێش و مشتومڕی ئەوەی ئایا كوڕە قوتابیەکەیان  یان كچە قوتابیەكەیان چ بەشێك هەڵبژێرێ كە لە قۆناغی خوێندنی زانكۆدا درێژەی پێبدات!

ئینجا لەبەرئەوەی پەروەردە و بیرۆكە و ئاستی ڕۆشنبیریی خێزانەكان جیاوازە ئەم پرسە مشتومڕو نیقاشی نێوان خێزانەكانی گەرم و تووندتر كردووە!

وەك كەسە بەتەمەنەكان دەیگێڕنەوە : لە ساڵەكانی چلەكان و پەنجاكان و سەرەتای شەستەكانیشدا ووشەی (مدرس : وانەبێژ ) زۆر وشەیەكی مەزن و پیرۆزو كاریگەرو سەرنج ڕاكێش بووە لە قاموسی كۆمەڵگەدا، خێزانەكان حەزیان كردووە قوتابیە كوڕو كچەكانیان ببنە مامۆستاو وانەبێژ، كە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە ( مامۆستاو قوتابخانە و فێركردن ) لەو سەردەم و قۆناغەدا زۆر بە نرخ و گرنگ و ڕێزلێگیراو بووە!

بەڵام ئێستا كە زەوی سوڕاوە ، هەمووان حەزیان لەوەیە كوڕەكانیان یان كچەكانیان ببنە پزیشك یان ئەندازیار، وەك ئەوەی ئیتر لەنێو ئەم وڵات و حكومەت و مەملەكەتەدا هیچ بواری خزمەت و كارو پیشەیەكی تر نەبێت جگە لەو دوو پیشە و پسپۆڕیی یە نەبێ !!

لەم ڕۆژگارەماندا كە ڕۆژگاری شۆڕشی زانیاریەكان و كلیكی گەڕان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و زیرەكی دەستكردە ، بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری خێزانەكان عەقڵ و هیزرو دەماغی خۆیان لە زیندانی ( یان پزیشكیی یان ئەندازیاریی )دا قوفڵ كردووە ، لەگەڵ داننان بە بەرزو پیرۆزی و گرنگی پیشەی پزیشكایەتی و ئەندازیاریی!

جیهانی ئەمڕۆ لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەی كە تایبەت بە زیرەكی دەستكرد ئەنجام دەدرێن لەبەردەم وەرچەرخانێكی گەورەدایە لە كاروانی مرۆڤایەتی ، كە پێشبینی ئەوە دەكرێ زۆرێك لەو ئەرك و فەرمان و پیشە و خزمەتگوزارییانەی ئەو پانتاییەی كە ئەمڕۆ هەیانە ئیتر بۆیان نەمێنێتەوە و لە دەستی بدەن ، لەسەروشیانەوە : پیشەی پزیشكیی و ئەندازیاریی!! پرسیار دەكرێ : بۆ؟!!  لە وەڵامدا دەڵێین : لەبەرئەوەی كۆمپیوتەرێكی زیرەك هەر لە لەحزەی لەدایك بوونەوە بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی مرۆڤ دەكات ، لەگەڵ ئەنجامدانی سەردان و بەسەركردنەوە و پشكنینەكانی مانگانە و ساڵانە!! هەركاتێكیش مرۆڤ نەخۆش كەوت سەردانی ئەو پزیشكە كۆمپیوتەرە دەكات و لەبەردەمیدا دەوەستێ و پەنجەی خۆی دادەنێ و،  كۆمپیتەرەكەش شیكردنەوە بۆ پەنجەكە ئەنجام دەدات و جۆرو سروشتی ئەو نەخۆشیە دیاری دەكات كە كەسەكە پێوەی دەناڵێنێ و ، دواتر دەرمان و چارەسەریشی بۆ دەستنیشان دەكات!

ئێستاكە زۆربەی هەرە زۆری ئەو نیقاش و مشتومڕانەی لە زانكۆكانی ئەمریكا و بەریتانیا و چین و یابان بەڕێوە دەچن سەرجەمیان تایبەت كراون بە باسكردنی سروشتی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی لە داهاتوودا! كە ئایا ئەو كۆمەڵگانە چۆن دەبن ؟ چ جۆرێك دەبن لە چوارچێوەی هەیمەنەكردنی (زیرەكی دەستكرد)دا ؟ لە كاتێكدا پێشبینی دەكرێ مرۆڤە ئەلیكترۆنیەكان لەزۆر بواردا شوێن مرۆڤە دروستكراوەكانی خوا بگرنەوە !

لێرەدا ئەوەی پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بكرێ ئەوەیە : لەبەرئەوەی ئەو بڕوانامانەی كە قوتابیان لە زانكۆكانی ناوخۆ دەستیان دەكەوێت ، هەروەها ئەو بڕوانامانەی كە قوتابیان لە زانكۆكانی دەرەوە دەیهێننەوە لەگەڵ خۆیاندا لە چەند بوارو پسپۆڕیەكدان كە نەكۆمەڵگاو نە بازاری كار پێویستییان پێیانە ، ئالێرەوە گرنگە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێی تیمێكی زانستی تایبەتمەندەوە بیر لەو بەش و بوارو پسپۆڕییە نوێیانە بكەنەوە كە لە زۆربەی هەرە زۆری زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهاندا دەخوێندرێن و گرنگیان پێدەدرێ و پشتیوانیان لێ دەكرێ !! ئەو زانست و بابەت و بوارانەی كە كۆمەڵگە حاڵی حازر پێویستی پێیانە ، دواتر هەندێكیان بخرێنە ڕیزی بەش و پسپۆڕییە هاوچەرخە نوێكانەوە ، ئەوانەی پێویستی كۆمەڵگە و بۆشایی بازاڕی كار پێكەوە پڕ دەکەنەوە ، تاوەكو قوتابی لە قۆناغی ئامادەییدا ئامادەسازییان بۆ بكات و خۆی بۆیان یەكلابكاتەوە!

گۆڕانكاریی سروشتی ئەم ژیانەیە لە هەموو بوارو كاروبارێكدا ، بۆیە زەرورە خێزانەكان بە ئاگابن و بە وریایی یەوە گوێ  لە حەزو ئارەزوو بژاردەی قوتابیەكانیان بگرن ، بەتایبەت تازە پێگەشتووەكان ،  فشار نەخەنە سەریان و ناچاریان نەكەن بە خوێندن لە بوارێكدا ئەوان ئارەزووی ناكەن ، چونكە ئەوە ئەوانن باشترو وردتر دەتوانن سروشتی داواكارییەكانی ژیانی ئەم سەردەمە بخوێننەوە كە ئێمە هەموومان تێیدا دەژین!

ئەوان زۆر جیاوازتر لە ئێمە ژیان دەكەن ، جیاواز لەوەی ئێمە دەیبینین ئەوان دەیبینن ، ئەوەی ئەوان دەیزانن لە جیاوازییەكان جیاوازە لەوەی ئێمە دەیزانین و هەستی پێدەكەین ! بۆیە پێویستە گوێیان لێبگرین ، گفتوگۆیان لەگەڵدا بكەین ، ڕێز لە حەز و ئارەزوو و هەڵبژاردنەكانیان بگرین ، لە كۆتاییدا دان بەوەدا بنێین كە ئەوە داهاتووی ژیانی ئەوانە نەك ئێمە ، دەی كەواتە مافی خۆشیانە ئەو ڕەنگە هەڵبژێرن كە دەیانەوێ ژیانی خۆیانی پێ ڕەنگ و نەخش بكەن!

بەڤیدیۆ…بەهێزترین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسڕائیل تێكشكێنرا
پێت بەڤیدیۆ…بەهێزترین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسڕائیل تێكشكێنرا
شەپۆلێكی دیكەی گەرما هەرێم دەگرێتەوە
دوات شەپۆلێكی دیكەی گەرما هەرێم دەگرێتەوە
پەیوەندیدر