وەزیری ژینگەی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەربڕی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پاشەڕۆکانی تانجەرۆ.
رۆژی شەمە ( ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری نزار محەمەد سەعید ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق و وەفدێکی رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و پاک کردنەوەی ئاوی تانجەرۆ، سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باسی مەترسییەکانی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک و پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ و دەربەندیخان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان کرا و گفتوگۆش کرا لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکە.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێکخراوی WFP پلانێکی زانستی بۆ چارەسەرکردنی خێرا و دوورمەودا ئامادە بکەن و ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ کاری هاوبەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نزار محەمەد سەعید ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق، ئامادەیی وەزارەتەکەی دەربڕی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و رێکخراوی WFP و سەرپەرشتی کردنی چارەسەرکردنی کێشەکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێکخراوی WFP و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە درا بۆ ئامادەکردنی پلان و دواتریش جێبەجێکردنی پلانەکە.