بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی دامەزراندنی یەکێتیییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە



بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی دامەزراندنی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی، “ئەمڕۆ یادی هەزاران شەهیدی قارەمان و ڕووبارێک خوێنی ڕژاو دەکەینەوە”.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

یەکێتییە سەربەرز و تێکۆشەرەکان

لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و 48ـەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێتان لێدەکەم.

ئەمڕۆ یادی هەزاران شەهیدی قارەمان و رووبارێک خوێنی رژاو دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لە رۆژانی سەختی خەباتدا بە خەونی گەورە و بڕوایەکی پتەوەوە، بەگژ شەوەزەنگدا دەچوونەوە و خەباتیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەرفراز دەکرد. هەروەها دروود و سڵاو بۆ رۆحی سەرکردە کۆچکردووەکان دەنێرین و سوپاسی ئەو میراتە پڕ ئەزموونە دەکەین کە بۆیان بەجێهێشتووین.

هەمووان دەزانن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە، چەند بەربەست هاتنە رێ و رووبەڕووی چەند ئاڵنگاری بووەوە، قوربانیی زۆری دا و سەرکردە و شۆڕشگێڕی مەزنی لەدەستدا. بەڵام وەک چیاکان خۆڕاگر و پتەو مایەوە و هەرگیز پشتی لە بەها باڵاکانی نەکرد، مێژووی پڕ لە سەروەری و شانازیی خۆی نەکردە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتەکان، بێگومان ئەمەش بە پشتیوانیی خەڵکە دڵسۆز و قارەمانەکەی بوو کە بە خوێن و خۆڕاگریی خۆیان یەکێتییان پاراست، بۆیە یەکێتی چەند هی ئێمەیە، هەزار ئەوەندە هی خەڵکە و ئێمەش خزمەتکاریانین.

ئێمە ئاوڕ لەو مێژووە درەوشاوەیە دەدەینەوە و پەندی لێوەردەگرین، لە حیکمەتی سەرکردە دێرین و شۆڕشگێڕەکانمانەوە فێردەبین و دەیکەینە چرای رێ و بناغەی کاری داهاتوومان دادەنێین. مێژوومان دەخەینە خزمەت داهاتووەوە و بەهیواوە هەنگاو بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەنێین. دەمانەوێت قۆناغێکی نوێ بهێنینە کایەوە کە تێیدا مافەکانی خەڵک پارێزراوبن و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیان و سەقامگیرییان نەبێت، لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکارنەهێنرێن و جیاکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نەکرێت. ئەو پەیوەندییە فراوانەی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ لایەنەكانی عیراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بونیادینابوو، لەسەر بنەمای متمانە گەشەمان پێدا و لەهەماهەنگیی بەردەوامداین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكان.

ئەوەی لە رابردوودا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان کردوومانە، بە هەمان رۆحییەتەوە بەردەوامیی پێدەدەین و دەمانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی و دوور لە ململانێی نابەجێ ناوچەکە بگرێتەوە. لەكەركوكی قەڵای سەوزی یەكێتی و ناوچە دابڕێندراوەكانیش دەنگدەران سەلماندیان ئەوە یەكێتییە خەمی ناوچەكەی لە شان ناوە و حزبەكەی خۆیانە كە هەرگیز پشتی لە كەركوك و كەركوكییە سەربەرزەكان نەكردووە. ئێمە دڵسۆزیی ئەو خەڵكە خۆڕاگر و پێشوازییە بێوێنەكەیان لەیادناكەین و بەڵێنی وەفاداری و خزمەتكردنیان دووپاتدەكەینەوە.

هەڤاڵە سەربەرزەکانم..

دەزانین ئەو بۆشاییە گەورەیەی کۆچی سەرکردە و رابەرمان سەرۆک مام جەلال لەناو یەکێتی، پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق دروستیکرد هەرگیز پڕ نابێتەوە، بەڵام هەوڵی تەواوماندا خوێندکارێکی دڵسۆز و سەرڕاستی رێگەکەی بین، ئەوەی کردوومانە و هەوڵمان بۆ داوە تەنیا و تەنیا لەپێناو ژیانی خەڵک، پاراستنی کوردستان، بەهێزترکردنی یەکێتیدا بوو. ئاستەنگیی زۆر دروستبوون، بەڵام کۆڵمان نەدا و بەپشتیوانیی هەڤاڵانی دڵسۆز و خەڵکەکەمان بەردەوامبووین، ئێستاش کە هێز و سەنگی یەکێتی دەبینین و چەپکە گوڵەکەمان گەش و درەوشاوەیە، ویژدانمان لەبەرامبەر ئەو مێژووە زێڕینەی حزبەکەمان و خوێنی شەهیداندا ئاسوودەیە.

لەم رۆژە مەزن و پیرۆزەدا بڕوای تەواومان بە ئازادیی کاری سیاسی، گەشەپێدانی دیموکراسی و رێزگرتن لە دەنگ و رەنگە جیاوازەکان دووپاتدەکەینەوە. پارێزەری وێنای گەش و فرەڕەنگی کوردستان دەبین و جەخت لە قووڵکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەینەوە. دەرگای کاری پێکەوەییمان کراوە بووە و هەروا دەمێنینەوە، رێزی تەواو لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان دەگرین و دەمانەوێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجەکانەوە. ناکۆکییە ناوخۆییەکان پێکەوە چارەسەر بکەین و بە ئیرادە و هێزێکی زیاترەوە لە دەرەوە دەربکەوین. کوردستان پێویستی بەهەموومانە و دەنگمان پێکەوە زوڵاڵترە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافەکانمان دەکات و ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندوویەتی دووبەرەکی خزمەتی هیچ لایەک ناکات. پێویستە بە خەونێکی گەورەتر و نیشتمانیترەوە هەنگاوبنێین و چاومان لە خۆشگوزەرانیی خەڵک و داهاتووی گەشی کوردستان بێت.

کەسوکاری خۆشەویست و سەربەرزی شەهیدان

‏‎هیچ سوپاس و پێزانینێکی ئێمە ناتوانێت قەرەبووی ئەو قوربانییانە بکاتەوە کە ئێوە بەخشیووتانە، ئەگەر لە رابردوودا خزمەتێکی بچووکمان کردبێت، ناگاتە گەورەیی ئێوە. ئێمە قەرزاری هەمیشەیی ئێوەین و دەستی ماندووتان دەگووشین و سەری بەرزتان ماچ دەکەین. ئێوە پایە و پارێزەری یەکێتی بوون و ئێمە وانەکانی خۆڕاگری و کۆڵنەدان لەئێوەوە فێردەبین.

یەکێتییە سەربەرزەکان

هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ هەنگاودەنێت، ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە بە رۆحێکی یەکێتییانەوە بچینە ناو پرۆسەکە و سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆماربکەین و شانازییەکی گەورە بۆ خۆمان بنووسینەوە. ئێوەن دەتوانن لەڕێگەی پرۆسەیەكی دیموكراسی و بە ئیرادەی بەرزی خۆتانەوە رێڕەوی حوکمڕانی راستبکەنەوە و بەگژ جیاکاریدا بچنەوە، نەهێڵن چیتر بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان بكرێنە قوربانیی ململانێ نادروست و كەسییەكان. نەهێڵن بەناوی نیشتمانپەروەری و گوتاری كوردایەتییەوە مافەكانتان زەوت بكرێت و یاریی بە چارەنووستانەوە بكرێت. نیشانی بدەن ئەوەی لە هەناوی خەڵكدایە و هێزی رۆژە سەختەكانە، ئەوەی پارێزەری راستەقینەی خاكی كوردستان و ژیانی هاونیشتمانییانە، تەنیا و تەنیا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

ژنان و لاوانی خۆشەویست

ئێوە ئەو خوێنەن کە بەشادەماری یەکێتیدا دەگەڕێت و ئەو وزە لە بننەهاتووەن کە هێزی بەردەوامیمان پێدەبەخشێت، شانازییەکی گەورەیە کە هاوشانی ئێوە کار دەکەین و هەوڵ بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار دەدەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ماڵی ئێوەیە و دەرگای هەموو ناوەند و ئۆرگانەکان بەڕووتاندا کراوەیە، خۆتان بسەلمێنن و تواناکانتان بخەنەگەڕ، بەدڵنیاییەوە ئێمەش پشتیوانتان دەبین.

جارێکیتر ئەم یادە مەزنە پیرۆزبێت

دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان.. سەربەرزی و سەرفرازی بۆ کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

تاوەرە شێرپەنجەییەکان بوونەتە مەترسی بۆ سەر عێراق
پێت تاوەرە شێرپەنجەییەکان بوونەتە مەترسی بۆ سەر عێراق
قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ چیای گۆیژە بڕیاری دا
دوات قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ چیای گۆیژە بڕیاری دا
پەیوەندیدر