چین و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر فەڵەستین ئیدانە کرد



چین و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیان کرد بۆ سەر گەلی فەڵەستین.

چین و ٢٢ وڵاتی کۆمکاری عەرەبی لە دوای ١٠هەمین کۆنفرانسی وەزیران لە کۆڕبەندی هاریکاریی چین-عەرەب، بەیاننامەیەکی ٢١ خاڵیان لە بارەی فەڵەستین بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی برسێتیی و گەمارۆیەکی کوشندە بوونەتەوە کە هەموو پەیوەندییە گرنگەکانی لەگەڵ کەرتی غەززە پچڕاندووە، ناوچەکانی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت، کڵێساکان و ژێرخانی خاپوور کراوە، هەزاران فەڵەستینی بەدیل گیراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە و هاتووە، “ئیدانەی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەڵەستین دەکەین”.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، بۆردومانکردنی چادری ئاوارە فەڵەستینییەکان و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورييەكان سەرەکۆنە کراوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بە جێبەجێ کردنی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسی فەڵەستیندا، بەتایبەتی بڕیاری ئێستای ژمارەی ٢٧٢٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەوڵ بدرێت بۆ فەراهەم کردنی ئاگربەستی بەپەلە لە کەرتی غەززە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن بۆ کێشەی فەڵەستین.

لایەنەکان دژایەتی خۆیان بۆ هەر جۆرە پیلان و هەوڵێک نیشاندا بۆ دەربەدەرکردنی بەکۆمەڵی فەڵەستینییەکان لە نیشتمانەکەیان، هۆشداریان دا لەوەی کە ئەمە دەبێتە لەناوبردنی ئومێدی ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوبوونەوەی پێکدادانەکان بە ناوچەکەدا، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کراوە بڕیاری پابەندکار دەربکات کە ئاگربەستی بەپەلە و گشتگیر و درێژخایەن دەستەبەر دەکات، کۆتایی دەهێنێت بە زۆرەملێ دەربەدەرکردنی گەلی فەڵەستین، ناردنی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە گەرەنتی دەکات، دەستەبەری جێبەجێ کردنی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنەکە دەکات و ژیان لە غەززە ئاسایی دەکاتەوە.

هاوکات لایەنەکان ئیدانەی ئەمریکایان کرد بەهۆی ڤیتۆ کردنی ئەندامێتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

لایەنەکانی ناو بەیاننامەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل وەک هێزی داگیرکەر بەرپرسە لە تێکچوونی هەلومەرجە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە، داواش لە تەل ئەبیب کراوە بەرپرسیارێتییەکانی لە بارەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆییەوە بەجێ بگەیەنێت، هاوکات پشتیوانی خۆشیان بۆ بڕیارەکانی ڕێوشوێنی کاتیی دادگای لاهای دەربڕی.

لە بەیاننامەکەدا لایەنەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هەتا ئیسرائیل کۆتایی نەهێنێت بە داگیرکاری خاکی دەوڵەتی فەڵەستین و قودسی ڕۆژهەڵاتی پایتەخت، بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا و خاکی لوبنان، ئاشتیی و ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەستەبەر نابێت، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێن کە گەرەنتی سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستین بکات و چارەسەرێکی سیاسی گونجاو بەدیبهێنێت.

کردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان نەجەف و سعودیە
پێشت کردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان نەجەف و سعودیە
سودانی: ڕێگای گەشەپێدان بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق
دواتر سودانی: ڕێگای گەشەپێدان بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق
پەیوەندیدار