بەهرۆز جەعفەر – شرۆڤەکاری سیاسی
کاتێک بەهەڕەمەکی و بێ پلان پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروستبکرێت، بێ ئەوەی بپرسن کێ دەیکڕێت؟ هەڵئاوسان درووست دەکات، لەکاتێکدا زیادەیەکی ئێجگار زۆر لە شووقە و ڤێلا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی زۆر بەتایبەتدا هەیە.
وتەبێژی وەبەرهێنان وتی “لێتان ناشارینەوە، ئێمە چەند ساڵە شووقە بۆ عەرەب دروستدەکەین”، ئێستا لە بەسڕەوە بۆ بەغدا گۆڕانکارییەکی گەورەو خێرا لە ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دا بەڕێوەیە، بەجۆرێک مانگانە سەدان ماڵی عەرەب سلێمانی بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە، لە بەغدا شەش شاری نیشتەجێبونی نوێ دروستدەکرێت، چەندین بەرزە پردی گەورە لە تەواوبووندایە.
دەبێ بپرسین: ئێوە بۆ کێ یەکەی نیشتەجێبوون درووستدەکەن؟
سادەترین هاوکێشەی ئابووریی بریتییە لە (خواست – خستنەڕوو)کاتێک خستنەڕوو زیاد بێت (کە لە سلێمانی زۆر زیادە) ئەوا هەڵئاوسان دروستدەبێت، هەڵئاوسانیش دەردێکی کوشندەی ئابوورییە، سەرچاوەی بێ‌نرخ بوونی کار و بێ‌کاری و چەندین کارەساتی کۆمەڵایەتییە.
خاڵێکی سەرەکی دیکە ئەوەیە، ڕاستە تۆ ملیاردێری، یان ملیۆنێری، بەڵام دواجار ئەو پارەیە پارەی هەموو وڵاتە، سەرمایەیە و هی هەموو بازاڕە، دواجار تۆ کوردیت و لە چوارچێوەیەکی ئابوورییدا ئەو پارەیەی بە تۆیە هەرچۆنێک مامەڵەی پێوەبکەی زیان و قازانجی خۆی هەیە بۆ وڵاتەکە، (ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی لە فەلسەفەی ئابورییدا لە کۆنەوە جەختی لێ کراوەتەوە).
کۆمپانیا یان گرووپێک کۆمپانیا دەبێت لەپێشدا ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی وڵاتی دایک بکاتەوە، لە کوردستاندا دەیان کەرت و بواری دیکە هەیە کە تۆ سەرمایەگوزاریی تیابکەیت، لە پێش هەموویانەوە لە ڕووی پیشەسازییەوە، چونکە یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی “ناسیۆنالیزم” بریتی یە لە “پیشەسازیی بوون”، ئەگەر تۆ هەرێمێک یان وڵاتێکی پیشەسازیی نەبیت، دەبێ پشت بەوانی دیکە ببەستیت و بەوەش هەرگیز نا‌توانیت کێبڕكێی لەگەڵ وڵاتان یان گەلانی دیکەدا بکەیت.
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابوریی دا هەیە، یه‌كێك له پێشه‌نگه‌كانی قوتابخانه‌ی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ‘فریدریچ لیست’ ساڵی ١٨٤١ لە ئەڵمانیا کتێبێکی بە ناوی (The National System of Political Economy) نووسی، باس له سیسته‌مێكی نیشتیمانی ده‌كات له ئابووریی سیاسی دا، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن نه‌ته‌وه- نیشتیمانێك ده‌توانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی به‌رزبكاته‌وه؟
لیست، بانگه‌شه‌ی ئابوورییه‌كی كۆزمۆپۆلیتی دەكات، كۆزمۆپۆلهتیك واتای ئایدۆلۆژیایه‌كه كه هه‌موو مرۆڤایه‌تی به ڕابردوو، بە ئاینده‌وه، به هه‌ر نه‌ته‌وایه‌تی و ناسنامه‌یه‌كی جیاوازه‌وه ئینتیمایان بۆ یه‌ك كۆمه‌ڵگه و یه‌ك بازنه هه‌بێت، به‌مانایه‌كی تر هه‌موو ئهخلاقیاتێك له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه بێت، به كورتییه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌های هاوبه‌شه، ئابووری ده‌بێت له‌ناوخۆدا گرێ نه‌درێت به باجەوە، قازانجی ئابووری بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌رییه.
له‌سه‌ر ئه‌مه ئه‌ڵمانیا زیندانی كرد و ناچاریانكرد واز له ناسنامه‌كه‌ی بهێنێت، فریدریچ لیست، زۆر هێرشده‌كاته سه‌ر لیبڕاڵیستهكان، ناسیۆنالیزمی ئابووری گرێده‌دا به مانیفاكتۆر ‘وه‌رشه‌ی بچووك’ه‌وه، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت یان كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان بوون به خاوه‌نی كه‌ره‌سته‌ی بچوكی خۆیان یان پیشه‌سازییه‌كی سه‌ره‌تایی، ئیتر ده‌توانن خۆیان به‌هێزبكه‌ن و كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بکەن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌ریتانیا وه‌ك لانكه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازی وه‌رشه بە نمونە بهێنینەوە کە پیشه‌سازی بچووك هه‌نارده‌ی ئه‌ڵمانیا دەکات، ئهڵمانیهكانیش خۆیان به‌هێزبكه‌ن و كێبڕكێی ئه‌وانی تری پێ بكه‌ن.
دوای دووهەمین جه‌نگی جیهانی، واقعییه‌ت كه‌وته خۆی له فۆڕمی جیاجیادا، یابان بوو به وڵاتێكی گه‌شه‌كردوو، به‌و ئایدیایه‌ی كه حكومه‌ت پاڵپشتی سێكته‌ری مانیفاكتۆر ‘وەرشەی بچوک’ی كرد، یابان بوو به وڵاتێكی پیشه‌سازی.
لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک هه‌رێمی كوردستان، پێگه‌یه‌ك نییه بۆ پیشه‌سازی و هه‌موو كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانی له ده‌ره‌وه هاوردەدهكات، هه‌موو كرێیه‌كی وه‌به‌رهێنان خۆی ده‌یدات، نه‌یتوانیوه سێكته‌ری وزه و پیشه‌سازی نه‌وت و غاز له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی نیشتیمانیدا به‌رجه‌سته‌بكات.
تۆش لەبری دەست بۆ بە پیشەسازیی کردنی وڵات ببەیت، دوو دینارت لە پڕێکدا دەستکەوتوە و بووی بە سەردەستە و بەناوی بەرهەمهێنانەوە دێیت هەڵئاوسان و جیاوازیی چینایەتی دروستدەکەیت!
کەواتە سەرمایەدار، وەکو حکومەتی هەرێم یان وەکو حکومەتی عێراق، یان وەکو حکومەتی وڵاتەکەی ئەرکی گەورەی لەسەرە کە ڕاست و نیشتیمانییانە بیر بکاتەوە.
گازپرۆم و ڕۆس نەفت ڕاستە کۆمپانیان و ئیش لەسەر کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ خۆیان دەکەن، ئەکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و ئینی-ENI ی ئیتاڵی ڕاستە کۆمپانیان، بەڵام دواجار ناتوانن ‘حەددیان نییە’ یەک هەنگاو دژی سیاسەتی نیشتیمانی وڵاتەکەیان بجوڵێنەوە، بەڵکو هێڵی پێشەوە و سەرە ڕمی دروستکردنی بەرژەوەندیین بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و بەرزڕاگرتنی ئاستی خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەی خۆیان.
ڕاستییە زانستییەکە ئەوەی سەرەوەیە، ئینجا یان ئەو برادەرانە نایزانن و بە هەڕەمەکی وا دەکەن ‘ئەمەیان کارەساتە’، وەیان ئەوەیە دەیزانن بەس ماوەیەکە بەهۆی سزا‌و چاودێرییەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە لەسەر عێراق، ناتوانن جمووجووڵ بە پارەکانیان بکەن بۆ دەرەوە، هاتوون بەڕێگەی دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون و وێرانکردنی ژینگە و سرووشتەوە، بەپەلە ئەو پارانە سپی دەکەنەوە و لەناوەوە ساخیدەکەنەوە.
هەڵاوسان ڕوویداو، پارەکانیش بەهەدەر چوون، بە دەیان هەزار کەس لە هەرێمی کوردستاندا، شووقە و ڤێلای کڕیوە بە ٣٠٠ هەزار و ٤٠٠ هەزار و ٥٠٠ هەزار دۆلار و زیاتریش، ئیمرۆکە هەریەک لەوانە لە باشترین حاڵەتدا (٨٠) هەزار و (٦٠) هەزار دۆلار ناکەن، کە بیفرۆشنەوە! دەشوترێت پارە و سامانی نیشتیمانی کوردستان بۆ کوێ چوو؟!