یەكێتی: ئێستا ئەزموونە خۆماڵییەكەمان لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە



مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 49هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “یەكێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە و لەم یادە پڕشكۆیەشدا تەئكید لەسەر ئەو پرەنسیبانە دەكاتەوە”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا گەلەكەمان و ئەزموونە خۆماڵییەكەی، لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە كە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی هەیە و باشترین رێگاچارەی ئاشتی و دیموكراتیش بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی ئەوتۆ بێنێتەكایەوە دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناغ بێت.

دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسیی
بۆ یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی و 49 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەكێتیی لە سەرجەم بوارەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی، ڕێكخراوەیی و دیموكراتی، بە دێرین و نوێوە
بە سڵاوێكی گەرمەوە پیرۆزبایی 49 ساڵەی دامەزراندن و 48 ساڵەی دەسپێكی شۆڕشی نوێتان لێدەكەین كە دوو بۆنەی گەورەن لە مێژووی كوردستان و عێراق و لە مێژووی خەباتی دیموكراتی گەلانی ئازادیخوازدا، بۆنەی ڕاگەیاندنی تەرزێكی نوێی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان و بۆنەی جاڕدانی شۆڕشێكی هەمەلایەنەی جەماوەری كە لەناو جەرگەی هەرەسی ناڕەوادا، دڕی بە شەوەزەنگی نا ئومێدی دا و چرای ڕۆشنی رێگای ئازادی هەڵكرد، ڕاستەڕێی ستراتیژی (ئاشتی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) بەرەو سەركەوتن گرتەبەر.
لە ماوەیەكی كەمدا پریشكی بڵێسەی ئەم تێكۆشانە چروپڕەی یەكێتیی و شۆڕشەكەی بە رێبەرایەتیی سەرۆكی نەمر مام جەلال و هەڤاڵانی دامەزرێنەر و تێكۆشەرانی ناوەوەی وڵات، چیا سەركەشەكانی كوردستان و كۆری تینووی خەباتی ناوەوە و دەرەوە و گشت كایەكانی سیاسی و دیبلۆماسی و راگەیاندنی ئاوەدانكردەوە.
ئەم كاروانە شۆڕشگێڕییە هەموو بەربەست و پلانەكانی دوژمنان و داگیركەری فاشتی تێكشكاند و تێپەڕاند. درێژترین رووباری خوێنی شەهیدانی كردە خەڵاتی میللەتەكەمان و هەرگیز نەسرەوت تا سەركەوت لە ڕاپەڕینی رزگاری كوردستان، تا مژدەی رووخانی دیكتاتۆری بەعسی كردە ڕاستی و داخوازی گەلەكەمانی لە وڵاتێكی دەستووری و فیدراڵیدا هێنایەدی و گەیاندیە كەناری ئارامی و ئازادی.
خوشك و برایەنی خۆشەویست
ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەربەرزییەوە یادی 49 ساڵەی دامەزراندنی وەك بۆنەیەكی میللی و نەتەوەیی مەزن دەبینێت كە هەموو چین و توێژەكانی میللەتەكەمان هەقی خۆیانە خاوەندارێتی لێبكەن و شانازیی پێوەبكەن، چونكە ئەم هەموو رەنج و قوربانییە بۆ ئەوان و بەوان جێبەجێكراوە و سەرخراوە و چونكە شەهیدانی یەكێتی، پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری نەبەردی و نەبەزین، هەڤاڵانی زیندان و رێكخستنەكان، ژنانی ئازا و تێكۆشەری رووسووری خەباتی یەكسانی و یەكێتی، هەر هەموویان لە چاكترین رۆڵەكانی ئەم گەلەن و بە ناوی یەكێتییەوە ئەم ئەركە پیرۆزەیان راپەڕاندووە، بۆیە یەكێتی ئەم یادە پیرۆزە دەكاتە دەرفەت بۆ جۆشدانەوەی خەبات لە پێناوی ئاسۆی ژیانی نەوەكانی داهاتوومان لە كچان و كوڕانی كوردەواری و وەك هەمیشە، بێ سڵەمینەوە بۆ پێشەوە دەڕوا و ئاور لە دواوە ناداتەوە، مەگەر بۆ پێزانینی تێكۆشانی رابردوو و ئیلهام وەرگرتن بۆ خەباتی لەمەودوا نەبێت.
جەماوەری سەرفرازی كوردستان
هەموولەیەك دەزانن ئێستا گەلەكەمان و ئەزموونە خۆماڵییەكەی، لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازدایە كە پێویستی بە سازدانەوە، پەرەپێدان و ڕاستكردنەوەی رێڕەوەكەی هەیە و باشترین رێگاچارەی ئاشتی و دیموكراتیش بۆ ئەم ئامانجە رەوایانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە كە پەرلەمان و حكومەتێكی نوێی ئەوتۆ بێنێتەكایەوە دەرەقەتی ئەركەكانی قۆناغ بێت و بە دەنگی ئازادی خەڵكی دەرفەتی حكومەتێكی خزمەتگوزارتر برەخسێنێ كە داكۆكی و پێداگری لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستووری و دیموكراتییەكانی كورد لە بەغداد بكا و بە یەكگرتوویی و بەرپرسیارێتیەوە هەڕەشەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە هەركوێوە بێت، لە قاوبدات.
ئەمڕۆ پشتبەستوو بە ئیرادەی دەنگدەران و بەو ڕاستییە درەوشاوەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئكیدی لەسەر كردەوە كە (یەكێتی مێژووە، یەكێتی خوێنی شەهیدە، یەكێتی قوربانی و یەكێتی هێزە) رووی بانگەوازمان لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و چین و توێژەكانێتی، بە تایبەتی ژنان و لاوەكانمان كە لەم وێستگە دیموكراتییەی هەڵبژاردندا بە جۆش و خرۆشەوە بێنە كۆڕی هەڵبژاردنەوە و پەنجەمۆری خۆیان لە داهاتووی خۆیان بدەن، متمانە بە یەكێتییە سەرسەخت و سەر ڕاستەكەی خۆیان نوێبكەنەوە كە دیرۆكی نزیكەی نیو سەدە ئەم متمانەیە پتەوتر دەكات لە سایەی یەكێتی هەڵوێست و یەكێتی ریزەكانی ئەمرۆی هەڤاڵاندا، لە سایەی گەڕانەوەی هەر ئێستای باڵانسی هێز و ئیرادە لە كوردستان و گێڕانەوەی سەنگی یەكێتی و كورد لە ناو ڕاڕەوە سیاسییەكانی بەغداد و پایتەختەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لەسەر ڕێبازی ئاوەدانی سەرۆك مام جەلال، بەتایبەتر كە رەوتی رووداوەكان سەلماندوویانە، پاڵپشت بە پشتیوانی جەماوەرەكەمان، هەرچی كراوە پێشەنگێتی یەكێتی كردوویەتی و هەرچی ماوە لە ئەركی چاكسازی و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵگەی كوردستان هەر بە یەكێتی دەكرێت، بە هاوكاری و بەشداری كارای هێزە دەربەستەكانی ئەزموونی دیموكراتی كوردستان كە یەكێتی هەمیشە لەگەڵ تەبایی و سازانی نیشتمانیدایە و لەم یادە پڕ شكۆیەشدا تەئكید لەسەر ئەو پرەنسیبانە دەكاتەوە.
پیرۆزە یادی یەكێتییەكەی خۆتان.
سەركەوێت كاروانی خەباتی پێنج دەیەی میللەتەكەمان بە رابەڕایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ و گەلەكەمان، شەهیدانی كورد و كوردستان، لە سەروی هەمووشیانەوە گیانی پاكی شكۆی نەتەوە و نیشتمان، سەرۆك مام جەلال.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

شەقامێكی سەرەكی ناو شاری سلێمانی دادەخرێت
پێت شەقامێكی سەرەكی ناو شاری سلێمانی دادەخرێت
پەرلەمان لەسەر خەرجكردنی پارە بۆ حەجی پەرلەمانتاران هاتەدەنگ
دوات پەرلەمان لەسەر خەرجكردنی پارە بۆ حەجی پەرلەمانتاران هاتەدەنگ
پەیوەندیدر