قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پەیامێك بۆ براكەی، كە سەرۆكی حزبەكەیەتی دەنێرێت و ڕایدەگەیەنێت، یەكێتیت خستە سەرڕێی سەركەوتنەكان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەكێتیت كردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی كوردی و هێزی یەكلاكەرەوە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەیەكدا بۆ بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە، “لەپشتتین، چونكە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەكڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستانت داوە و كردیشت. لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناكۆكییەكی نێوان حیزبەكان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا و لە چوارچێوەیەكی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ڕیسككردن بە كیانی هەرێمی كوردستانەوە”.
دەقی پەیامەكە:
ئەم كاتەت باش جەنابی سەرۆك…
پیرۆزبایی (٤٩)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لە تۆ و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەندامان و سەرجەم لایەنگر و دۆستانی یەكێتی دەكەم. سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال و شەهیدانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان و تێكۆشەران دادەنەوێنم. بەڵێن دەدەینەوە كە خوێندكاری بەوەفا و دڵسۆز و پێداگری ڕێبازەكەیان بین و تا بەدیهێنانی خەون و ئاواتەكانیان، لە خەباتدا بین و هیچ هەڵبەز و دابەزێكی ڕۆژگار نەتوانێت ساردمان بكاتەوە لە پەیڕەوكردنی ئەو ڕێبازە.
ئەم بۆنەیە، وەكو دەرفەتێك دەبینم تا لە قووڵاییەكانی دڵمەوە، سوپاست بكەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و كارانەی بۆ یەكێتییەكەمانت كرد. یەكێتیت خستە سەرڕێی سەركەوتنەكان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەكێتیت كردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی كوردی و هێزی یەكلاكەرەوە. روئیاكانیت نەك تەنها لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵكو لە عێراقیشدا كردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی. ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەكات.
كە باسی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، دەبێت باس لەو بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارە بكرێت كە بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە دروست ببوو و ناخی هەموو كوردێكی ساغی پڕ كردبوو لە بێهیوایی. ڕژێـمی بەعسی دیكتاتۆریش لەوپەڕی هێزی خۆیدا بوو و هەرچی لە توانایدا بوو كردی بۆ سڕینەوەی گەلی كوردستان. لەو كاتە چارەنووسسازەدا، ڕابەر و سەرۆكی مێژووییمان، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ سەركردایەتیی ناوەوەی وڵاتدا، هاتنەوە كۆڕی خەبات. دۆڵ و چیا و دەشت و گوند بە گوند و شار بە شاری كوردستانیان بە بڵێسەی شۆڕش ڕووناك كردەوە و یەكێك لە كاریگەرترین و پڕبەرهەمترین شۆڕشی ناوچەكە و جیهانیان هەڵگیرساند. شۆڕشێك جگە لەوەی بە سەدان كتێب لەبارەیەوە نووسراوە، تا ئێستایش كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە سەرسوڕمانەوە، چیرۆكی نەبەردییەكانی دەگێڕنەوە و هەتا كوردێكیش مابێت، ئەفسوونەكەی بەتاڵ نابێتەوە. گیانفیدایی و لەخۆبردوویی جەماوەری یەكێتی لەو قۆناغەدا، نموونەیەكی بێوێنەیە لە مێژوودا و ڕەنگە هیچ حیزبێك نەبێت لە دونیادا هێندەی یەكێتی ئەندام و لایەنگری ئاوا دڵسۆزی هەبووبێت و هەبێت. یەكێتی بە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی و بە پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بە خوێن و قوربانیدانێكی لەباسنەهاتوو، ئەم كوردستانە نازدارەی لەژێر دەستی ستەمی داگیركەر و دیكتاتۆر ڕزگار كرد. لە چركەساتەكانی سەرەتاوە، خاوەنی ڕاستەقینەی یەكێتی، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و نیشتیمانپەروەران بوون و هیچ كەس و لایەن و بارودۆخ و كارتێكەرێكیش، نەیتوانیوە یەكێتی و ئەو جەماوەرە لەیەكتر داببڕێت.
سەرۆكم، ئەزموونی سەرۆكایەتیی تۆ، گەڕانەوەیەكی تەواوە لە پشتبەستن بەو میراتە بەهادار و مانادارە. ئایدیاكانی مامی گەورەشمان، ڕاستەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومانە. بە تەگبیری ورد و ئیرادە و حەماسەت و شەونخوونیت، جۆش و خرۆشی یەكێتییانەت لە تاك بەتاكی یەكێتییەكاندا دروست كردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەركەوتنێكی لەیادنەكراو بۆ یەكێتییەكەیان تۆمار بكەن. بۆیە ئێمەومانانیش وەكو خوێندكار و شوێنكەوتوویەكی پابەند بەو ڕێبازە، هەموو كات لەپشتتین.
لەپشتتین، چونكە ئەمانەتێكی گرنگ و ئەركێكی مێژوویی كەوتووەتە سەرشانت، سەرۆكایەتی و ڕێبەرایەتیی یەكێتییەك دەكەیت كە هەزاران شەهیدی بە ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان بەخشیوە و دەیان سەركردەی نەزری كوردستان كردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریكترین چركەساتی مێژووی ئێمەیە. هەر ئەو یەكێتییە، ئەندازیاری ڕاپەڕین و دروستكەری قەوارەی هەرێمی كوردستانە و چیرۆكی نیو سەدە لە گیانبازیی پێشمەرگە و فەرماندەكانی لە بەگژداچوونەوەی زاڵمترین ڕژێمی دیكتاتۆری، لە ئەفسانە دەچێت. ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەكێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت كە ئەم حیزبەی دامەزراندووە. ئێستایش سەدان هەزار كەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەكەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەركردە مەزنە، تێدەكۆشن.
لەپشتتین، چونكە لە ڕێگەی دیدار و كۆنگرەكەی یەكێتییەوە، بە پشتیوانیی ئەندامان و سەركردەكانی، بە شێوازێكی ڕیشەیی پێداچوونەوەتان بە كاروبارەكانی ئۆرگان و پرۆگرامی یەكێتیدا كرد.
لەپشتتین، چونكە توانیت هێزەكان یەكدەست و پتەو بكەیت و هەموویانت خستەوە ژێر یەك چەتر كە ئامانجەكەی پاراستنی ئارامیی هەرێمەكەمانە.
لەپشتتین، چونكە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەكڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستانت داوە و كردیشت. لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناكۆكییەكی نێوان حیزبەكان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا و لە چوارچێوەیەكی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ڕیسككردن بە كیانی هەرێمی كوردستانەوە كە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و تێكۆشانی زیاتر لە سەدەیەك لە ئینسانی كوردە.
لە هەمان كاتیشدا، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەكردنی نابەرپرسیارانەی هەندێك هێز و لایەن بەردەوام بێت، چونكە دەتزانی ئەگەر ستراتیژی سیاسیی كوردی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆزی كوردی دەكەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن. بەشكۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە. بەوەش، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانت سەربەرزتر و كۆمەڵانی خەڵكی كورستانیشت بە یەكێتی، هیوادارتر كرد.
خاڵێكی هەمیشە گەشی دیكەی یەكێتیی، بڕواداربوونیەتی بە ئازادییە سیاسییەكان. دەبێت هەمووان بزانن ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە كەشوهەوای فرەیی سیاسیی دروست كردووە و لێ گەڕاوە حیزبی نوێ و گروپی نوێ دابمەزرێت و دژیشی كاربكەن. ئاخر تەنها یەكێتییە لە بیروڕای جیاواز ناترسێت و پێیوایە سیاسەت مەیدانی ململانێیە. ئامانجی تۆ، پاراستنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.
گەشبینم بە سەرۆكایەتیت، چونكە دووربینی و پێداگری و وردبینیی تۆ و پتەویی ئەو ڕێبازەی سەرۆك مام جەلال بناغەكەی دیزاین كردووە، وادەكەن یەكێتییەكەمان هەرگیز نەكەوێت و كاروانی خەباتی درێژە بكێشێت و بەهێزتریش ببێت.
لە كۆتاییشدا، دەڵێم: پشتگیریكردنی گەنجان و خوێندكاران، لابردنی لەمپەرەكانی بەردەم هاتنەپێشەوەی ژنان، ڕێگریكردن لە سەرانەوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەهێزكردنەوەی ئۆرگانەكانی حیزب و یەكخستنەوەی هێزە چەكدارەكان، بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی، هاوسەنگكردنەوەی هێز لە ناوخۆ و باڵانسكردنی ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەكان، نەهێشتنی سیخوڕی و چاودێریكردنی ژیانی تایبەتی، سەركەوتن بەسەر كۆسپ و كۆست و پیلانەكاندا، دروستكردنی كۆدەنگی لە بڕیاردا و سەرپێخستنی دونیابینیی سەردەمییانە بۆ یەكێتی، بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەكان، شەڕی بەگژداچوونەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، گەڕان و سەردانی یەكلەدواییەكی پایتەخت و ناوەندەكانی بڕیار لە دونیادا بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ مافە ڕەوا و دیموكراسییەكانی گەلەكەمان، هەموو ئەمانە پێكەوە بە هیچ حیزب و سەركردەیەك ناكرێت، جگە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكێك كە ناوی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.
برات، قوباد تاڵەبانی