سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، دەمانەوێت لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغدا چارەسەرێكی نیشتمانی و یەكجارەكی بۆ پشکی کورد بدۆزینەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە بەغدا كۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان تاوتوێكران و پرسی بودجەی عیراق و پشكی هەرێم و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا. هەردوولا هاوڕابوون كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێت تاوەكو چیتر ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت.
لە راگەیەنددراوەکەدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەكخستنی هەوڵەكان كردەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نیشتمانی لەبارەی پشكی هەرێم و دابینكردنی شایستە داراییەكان و رایگەیاند، ساڵانێكە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی باجی ئەم كێشەیە دەدەن و كراونەتە قوربانیی ململانێكان، بۆیە دەمانەوێت لەگەڵ برا و دۆستەكانمان لە بەغدا چارەسەرێكی نیشتمانی و یەكجارەكی ئەم كێشەیە بكەین و كۆتایی بەو دۆخە بهێنین، كە ئەمەش بە نسبەت یەكێتییەوە ئەولەویەتە و هەموو هەوڵێكی لەپێناودا دەدەین.