نرخی هۆتێلەکان یان چاودێری چڕ؟



نرخی مانەوە لە ژوورێکی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دوو هێندەی مانەوەیە لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی.

بۆ دوو ملیۆن هاووڵاتی ئەم شارە تەنها ١٥ قەرەوێڵەی چاودێری چڕ هەیە، نرخی مانەوە لە چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دوو هێندەی مانەوەیە لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی، شارەزایانیش هۆکاری بەرزی نرخ لە یەکەکانی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا، دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی.

دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بە نزیکەیی ٢.٥ ملیۆن هاووڵاتییە، بەڵام تەنها ٤٤ قەرەوێڵەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا هەیە، لە هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین، هیچ قەرەوێڵەیەکی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا کارناکات، هەر حاڵەتێکی لەناکاو هەبێت ڕاستەوخۆ دەنێردرێت بۆ سلێمانی، بەڵام سلێمانیش دۆخی ئەوەندە باش نییە.

 

١٥ قەرەوێڵە بۆ دوو ملیۆن هاووڵاتی

بەپێی زانیارییەکان، لە نەخۆشخانەی شار ٤٥، نەخۆشخانەی ئەڵمانی ٣٧، نەخۆشخانەی کەنەدی ٢٥، نەخۆشخانەی منداڵان د.جەمال ئەحمەد ڕەشید ٢٠، تەعلیمی ١٠، هەرس و جگەر ٨، هیوا- جەمالی حاجی عەلی ٦، بوژانەوەی دڵ ٤، چەمچەماڵ ٢ قەرەوێڵە هەن، بەڵام کۆی گشتی تەنها ٤٤ قەرەوێڵە کاردەکەن، ئەوانی دیکە بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکان و گرفتی جۆراوجۆرەوە کارناکەن.

لەو ٤٤ قەرەوێڵەیە، ٢٠ی نەخۆشخانەی منداڵان تەنها تایبەتە بە منداڵان، ئەو چوار قەرەوێڵەیەی بوژانەوەی دڵەکەی سلێمانیش تەنها تایبەتە بەو کەسانەی نەشتەرگەری کرانەوەی سنگیان بۆ ئەنجامدراوە، ئەمەش واتە تەنها ١٥ قەرەوێڵەی بۆ زۆرینەی هاووڵاتیان دەمێنێتەوە.

ئەگەر بە گریمانەیی دانیشتوانی شاری سلێمانی بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس وەربگرین، وە ژمارەی ئەوانەی منداڵن یاخود نەشتەگەری کرانەوەی سینگیان بۆ کراوە بە ٥٠٠ هەزار کەس وەربگرین، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ١٥ قەرەوێڵەیە بۆ دوو ملیۆن کەس، کە ئەمەش واتە بۆ هەر ١٣٣ هەزار و ٣٣٣ کەس تەنها قەرەوێڵەیەک دەمێنێتەوە.

 

“ناتوانین ژمارەی قەرەوێڵەکان زیاد بکەین”

هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی سنوورداری توانای سەرچاوە مرۆییەکانیان واتە پزیشک و کارمەندی تەندروستی ناتوانن ژمارەی قەرەوێڵەی بەشەکانی چاودێری چڕ زیادبکەن.

دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی د. سەباح هەورامی دەڵێت “شەو نییە دوو بۆ سێ تەلەفۆنم بۆ نەیەت کە هاووڵاتیان داوای قەرەوێڵەیەک لە چاودێری چڕی گشتی دەکەن، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش شەوێک مانەوە لە ملیۆنیک تا سێ ملیۆن دینارە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە و خانەوادە و کەسە نزیکەکانی نەخۆشەکان ناتوانن بەرگەی ئەو نرخە زۆرە بگرن، شەو نییە سێ بۆ چوار تەلەفۆنم بۆ نەیەت بەهۆی گرانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان داوای جێگا لە نەخۆشخانەی حوکمی دەکەن، نەخۆش هەیە خانوو و ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت”.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، داوایان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە، ڕێگایان بدات بە کاراکردنی قەرەوێڵەکانی نەخۆشخانە ئەڵمانییەکە، لەبەرامبەردا بۆ هەر شەوێک تەنها ١٥٠ هەزار دینار لە نەخۆش وەربگیرێت، بۆ پارەی پزیشک و کارمەندە تەندروستییەکان، وەک پڕۆژەیەکی نیمچە ئەهلی، بەڵام لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانەوە پڕۆژەکە ڕەتکراوەتەوە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی چارەسەر نییە.

 

تەنها بژاردە نەخۆشخانە ئەهلییەکانە

کەمی ژمارەی قەرەوێڵەکانی چاودێری چڕ لە پارێزگای سلێمانی و لەبەرامبەردا پێویستی هاووڵاتیان بەو قەرەوێڵانە، وایکردووە هاووڵاتیان پەنا بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان ببەن، بەڵام گرانی مانەوە لە یەکەی چاودێری چڕ بووەتە کێشەیەکی جدی و گەورەی هاووڵاتیان.

بەهۆی نەبوونی سەرجەم ئامێر و پێداویستییەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا، زۆرجار هاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشەکانیان ناچار بە پەنابردن بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەبن، بەڵام گرانی نرخی مانەوە لەنەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بوونەتە هەڵتەکێنەری گیرفانی نەخۆش و خێزانەکانیان، ئەمەش هاووڵاتیانی بێزار و وەڕسکردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیای خەڵك نرخی مانەوە لە هوتێلەکان لە یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکان هەرزانترە، نرخی مانەوە لە هەرە گرانترین ئوتێلەکانی پارێزگای سلێمانیدا بۆ ژوورێکی یەک نەفەری تایبەت VIP لەنێوان ١١٠ تا ٣٥٠ دۆلارە بە نانی بەیانی، مەلەوانگە، جاکوزی و سەرجەم پێداویستییەکانەوە.

لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دۆخەکە جیاوازترە، شەوێک مانەوە لە چاودێری چڕ، تێچووەکەی دوو هێندەیە لە ئاست نرخی هوتێلەکاندا، شەوێک مانەوەی نەخۆش لە یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان کەمترینیان ٣٧٥ هەزار دینارە، ئەمە بەبێ هیچ خزمەت و دەرمان و چارەسەرێک، واتە تەنها ڕاکشان لەسەر قەرەوێڵەیەکی چاودێری چڕ.

بینینی پزیشک، دابینی دەرمان، پشکنین، مانەوەی پەرستار و پزیشکەکان بۆ هەر یەکێک لەمانە پارەیەکی دیکە وەردەگیرێت، بەپێی ئەم بەدواداچوونە مانەوەی نەخۆش بۆ ٢٤ کاتژمێر لە چاودێری چڕی هەرزانترین نەخۆشخانە سەرو ملیۆنێک دینار دەکەوێت، تا نەخۆشخانەکەش ناوبانگی زیاتر و گرانتربێت نرخی مانەوەکەش گرانترو، دەرمان و پشکنین و بینینی پزیشکەکانیش گرانتردەبێت، بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نرخی تەنها شەوێک مانەوە لەنێوان ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دیناردایە.

بەجۆرێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کەمترین بڕی تێچووی ئەو ٢٤ کاتژمێرە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار دینارە، ئەمەش جێی پرسیارە کە ئایا مانەوە لە هۆتێل پێویستترە یاخود ژیانی مرۆڤێک گرنگترە؟، لە کاتێکدا مانەوە لە یەکەی چاودێری چڕ بابەتی ژیان و مردنە.

 

“دەبێت بمریت بە بیانووی ئەوەی تۆ پارەت نییە”

د. گۆران عەبدوڵا، پسپۆڕی لە سیاسەت و بەڕێوەبەردنی تەندروستیدا لەبارەی گرانی نرخی مانەوە لە یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئاماژە بەوەدەکات، ژیانی مرۆڤێک پەیوەستە بەو چەند کاتژمێرەی کە لە چاودێری چڕ دەمێنێتەوە، تاوانێکی گەورەیە لە ڕووی پزیشکیەوە کە ژیانی مرۆڤێک پەیوەستبێت بە پارەوە، دەڵێت “دەبێت بمریت بە بیانووی ئەوەی تۆ پارەت نییە، ئەمە نە لە سیاسەت، نە لە ئایدۆلۆژیا و مرۆڤایەتیدا بوونی نییە”.

ئەم جۆرە کەمی لە بوونی قەرەوێڵەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا، د.گۆران عەبدوڵا بە نەمانی کەرتی گشتی تەندروستی ناودەبات، کە ئێستا وەزارەتی تەندروستی بۆ خزمەتی تەواو بە هاووڵاتیان ناکات، بەهۆی نەبوونی چاودێری پێویستەوە ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، ئاڕاستەکان ڕووەو لاوازکردنی کەرتی گشتی و پەرەپێدان بە کەرتی تایبەتن، تەنانەت لەکارکەوتنی قەرەوێڵەکانی چاودێری چڕ بەئەنقەست دەزانێت.

ئەو دەڵێت “لە خراپرترین وڵاتدا ئەمە نییە، کە یەکەی چاودێری چر پارەکەی لە هۆتێلی پێنج و شەش ئەستێرەش زیاتربێت، لە هیچ شوێنێکی دنیادا نییە کە بڵێت تا پارە نەدەیت ژیانت ڕزگار ناکەم، لەکاتێکدا وەکو پزیشکێک سوێندنت خواردووە کە هەموو مرۆڤێک چارەسەربکەیت، هاوکات لە دەستووری عێراقدا خزمەتگوزاری تەندروستی مافێکی شەرعی هەموو هاووڵاتیانە، ناکرێت بە هیچ بیانوویەک چارەسەر نەبێت، ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت، ئەگەر یاسا و دادگای باش هەبوایە، ئەمانە دەبوونە کەیسی گەورە”.

د.گۆران عەبدوڵا، پڕۆژە نیمچە ئەهلییەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بە نایاسایی ناودەبات، لەکاتێکدا نەخۆشخانەیەک بە خێرخوازی بۆ هاووڵاتیان دروستکراوە بەڵام بە پارە بدرێتەوە بە هاووڵاتیان.

هاوکات ڕەخنەی جدی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەگرێت و دەڵێت: کوا پلان و پڕۆژە ستراتیژییەکان، کۆنتڕۆڵی خراپی دەرمان کوا؟ ڕێز لە نەخۆش دامەزراندنی کارمەندی خۆبەخش کوا؟

 

“دۆخی نەخۆشەکە ئیستیغلال دەکەن”

د. ڕێبین مەحمود، سەرۆکی ئینستتیوتی پلاتفۆڕمی خزمەتگوزاری تەندروستی و  پسپۆڕی کارگێری سیستمی تەندروستی، هۆکاری گرانی نرخی یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خەرجییە زۆرەکانی ئەو یەکەیە، بەڵام ئەو گرانییەی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکان پێشکەشی دەکەن، “دۆخی نەخۆشەکە ئیستیغلال دەکەن”.

دەڵێت: بە بۆچوونی تایبەتی خۆم پێم وایە، زۆربەیان لە ئاستی ئەو نرخەدا نین کە وەریدەگرن، هیچیان ناگەنە نیوەی ئاستی نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتانی دراوسێ، خزمەتگوزارییەکان بەپێی پێویست نین.

د. ڕێبین مەحمود لەگەڵ هەبوونی نەخۆشخانەی ئەهیلیدایە، بەڵام بە هەبوونی چاودێرییەکی ورد لەسەر نەخۆشخانەکان و ڕێنمایی پێویست بۆ چۆنییەتی کارکردنی نەخۆشخانەکان، بەڵام پێی وایە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بەو جۆرەیە، کە وەزارەتی تەندروستی ناتوانێت چاودێری نەخۆشخانە ئەهلییەکان بکات.

“وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە چاودێری نەخۆشخانەکان بکەن و لێپرسینەوە لە کەموکورتییەکانیان بکەن، تەنانەت لەو ئاستەدا نین کە چاودێری بکەن، نە سەندیکا و نە حوکمەت نە کەرتی تەندروستی گشتی، ئێمە لەو ئاستەدانین کە بتوانین چاودێری کەرتی تایبەت بکەین، ئەو چاودێرییانەی کە هەن زۆر لاواز و ڕووکەشن، بازرگانەکان دەتوانن زۆر ئاسانتر کەلێنەکان بدۆزنەوە و خۆیان ڕزگاربکەن”.

د. ڕێبین مەحمود، بیمەی تەندروستی باشترین چارەسەر بۆ ئەم گرانی نرخانەی یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دادەنێت، تا ئەو بارگرانییە زۆرە نەکەوێتە ئەستۆی هاووڵاتیان و لەبەرامبەریشدا سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشکەشی نەخۆش بکرێت و کوالێتی  خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش لە ئاستی نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکاندا بێت.

یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانە حکومییەکان لە لاوازترین دۆخیدایە، گرانی نرخەکەی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بووەتە مۆتەکەی سەرشان و ژیانی هاووڵاتییان، ئەوەی لەم دۆخە زەرەرمەندی یەکەمە نەخۆش و خێزانەکەیەتی، سەرباری ئازاری نەخۆشی ئازیزەکەیان دەبێت خەمی گرانی و کەمی یەکەی چاودێری چڕیش هەڵبگرن.

تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەستیپێکرد
پێت تۆمارکردنی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران دەستیپێکرد
بەدەم برينداركردنی گۆیژەوە، گۆیژ دەخۆین!!
دوات بەدەم برينداركردنی گۆیژەوە، گۆیژ دەخۆین!!
پەیوەندیدر