پێوستمان بە هۆشیارییە، نەک کۆمەک



زەردەشت محمد – نووسەر

بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی خراونەتە ڕوو تەنها لە ماوەی ١٠ ساڵدا ڕێژەی تووشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە، لە پارێزگای سلێمانی، لە هەزار کەس لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار تووشبوو.
ئەمە تەنها ئامار و داتای ئەو کەسانەن کە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا تۆمارکراون، ڕەنگە زیادەڕۆی نەکەین ئەگەر بڵێین نزیکەی ئەو ژمارەیەش ڕویان لە شوێنانی دیکە کردووە بۆ چارەسەر و ناویان تۆمارنەکراوە.

ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دنیادا لەو وڵاتانەی کە قەدر و بەهای مرۆڤ لە پێش هەموو پلە و پۆست و بەرپرسیاریەتییەکەوەیە ئامارێکی لەم جۆرە بخرایەتەڕوو، ئەوا گۆڕانکاری گەورە لە هەیکەلی حکومڕانی ئەو وڵاتەدا و بەتایبەت لە کەرتی تەندروستییەکەیدا دەکرا.

کەچی لای ئێمە نەک کەس خۆی لەپرسێکی وەها تێناگەیەنێت، بەڵکو دەسەڵاتی سنوورەکە لەبری گۆڕانکاری لە هەیکەلی ئیدارەی شار و هەرێمەکەدا دێت گۆڕانکاری لە ژینگە و سروشتی شاردا دەکات، لەبری زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و دەستخستنەسەر هۆکارەکانی پیسبونی ژینگە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان، دێت هەرچی ژینگەی سروشتی هەیە دەداتە بەر نوکی شۆفڵ و دەیکات بە ئاپارتمان و باڵەخانەی دەیان نهۆمی.

شار پڕدەکەن لە ژەهر و گەروی مرۆڤەکان پڕدەکەن لە گازی ژەهراوی تا ئەو ئەندازەیەی کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەیان دەکەن و دواتریش لەڕێگەی دانانی سندوقی خێرخوازییەوە کۆمەک بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کۆدەکەنەوە.

ئامار و داتاکان پێماندەڵێت داهاتومان ئەوەندە سەخت و پڕمەترسییە کە مرۆڤ ناوێرێت لە ئێستاشەوە بیری لێبکاتەوە، بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە تاکە چارەسەر تەنها هۆشیاربوونەوەمانە، هۆشیارییەک کە ڕێگربێت لەوەی نەیەڵێت هیچ کەس و لایەن و گرووپێکی بەرژەوەندیخواز نەک ژینگەی شار و وڵاتێک بۆ بەرژەوەندی خۆی تەختبکات، بەڵکو شەرمبکات دەستببات بۆ بڕینەوەی دارێک.

مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا
پێشت مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا
دوو باندی دزیکردن دەستگیرکران
دواتر دوو باندی دزیکردن دەستگیرکران
پەیوەندیدار