ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەزای کاروباری سەربازی، رایگەیاند، لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لای وەزارەتی دارایی هەرێمیش نییە، ئەوە بەڕێز کاک ئاواتی شێخ جەناب ماوە، ئەو کاتەی من لە ئەرکدا بووم لە وەزارەت پێش خانەنشین بوونم، چەند جارێک داواکراوە کەلیستی ناوی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ٧٠ و ٨٠ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بە ڕاستی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یان پێنەدراوە.
جەبار یاوەر بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە:”بە بڕوای من ئەگەر حکومەتی هەرێم و بەغداد نەگەنە ڕێککەوتن لەسەر خاڵەکانی یاسای بودجە هەر لە بابەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و تەوتین، ئەوا بەخوا نەک هەر ئەم مانگە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ گرفتی موچە دروست دەبێت، بەڵکو بۆ مانگەکانی داهاتوو گرفت بۆ موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێت”
“سەبارەت بە ژمارەی حەقیقی هێزەکان، ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ژمارەی پاسەوان زۆرن کە ئەمانە ئەرکی فیعلی پێشمەرگە جێبەجێ ناکات کە بە مانە دەڵێن وەهمی، بە جۆرێک ژمارەیان گەیشتووەتە ٥٠ بۆ ٦٠هەزار پاسەوان، کە لێپرسراوی وەها هەیە لیوا، فەوج یان سریەیەک پاسەوانی هەیە، جا ئەو لێپرسراوە حزبیە یاخود حکومییە، ئێستاش ئەوە بەردەوامە”. جەبار یاوەر وای وت.
دەشڵێت:”چەندین جار ئێمە خۆمان داوامان کردووە کە پێداچونەوە بە لیستی کەمئەندامانی وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت، چونکە ئێمە لیستێکمان هەبوو نۆ هەزار کەمئەندامی تێدابوو، بەڵام لیژنەیەکمان پێکهات کە بە سوپاسەوە کاک کەریم سنجاری هاوکار بوو، پاش پشکنینی پزیشکی دەرکەوت لەو نۆ هەزار کەسە، چوار هەزار کەسیان کەم ئەندامن، نیوەیان زیاتر کەم ئەندام نین تەنانەت نەک هەر پێشمەرگە نین بەڵکو هەر کەم ئەندامیش نین، هەر بە ئەوەندە ملیارێک دینار مانگانە دەگەڕایەوە بۆ حکومەت بەداخەوە کابینە گۆڕدرا ئەوە وەک خۆی مایەوە”.
راشیگەیاند:”کاتی خۆی کە من لە وەزارەت بووم هەم لەلایەن حزبەکەم هەم لەلایەن بەرپرسانی هێزەکانی حەفتا و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەرپشک کرابووم سەبارەت بەوەی هەر زانیاریەکم بوێ لەسەر هێزەکانی ٧٠، تەنانەت بە ناو و ژمارە و تەواوی زانیاریەوە هەمویم لابوو، بەڵام ڕاشکاوانە بڵێم لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی هەشتام لانەبوو، بەڵێ ئەو قسەیە ڕاستە لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ لای وەزارەتی دارایی هەرێمیش نییە، ئەوە بەڕێز کاک ئاواتی شێخ جەناب ماوە، ئەو کاتەی من لە ئەرکدا بووم لە وەزارەت پێش خانەنشین بوونم، چەند جارێک داواکراوە کەلیستی ناوی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ٧٠ و ٨٠ بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بە ڕاستی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یان پێنەدراوە، تەنها بە ژمارە و کۆد دەیاننارد، بۆ نمونە دەیانوت ئەوەندە ئامر لیوا هەیە، ئەوەندە پێشمەرگە … ئەوەندە … واتە تەنها ژمارە، ئیتر بەپێی ئەو ژمارەیە بڕە پارەیەکیان بۆ دەناردن خۆیان ڕاستەوخۆ مووچەیان دابەشدەکرد لەناو هێزەکانیان، بەڵام ئێمە ناو و زانیاری تەواوی لیوا هاوبەشەکان و دیوانی وەزارەتمان دەنارد هەر کات بیانویستایە”.
جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەو کاتە پەیوەندی هەبوو بەو ململانێی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبوو کە هەر لایەنەی نەیدەویست لایەنەکەی تر بزانێت ژمارە و زانیاری هێزەکانی، ئەو کاتەی من لە وەزارەت بووم، ژمارەی هێزەکانی ٧٠ نزیکەی ٧٠هەزار بوو.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت:”من ئەوە بۆچوونی کەسی خۆمە، بابەتی ئەوەی هۆکاری نەناردنی مووچەی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ نەناردنی لیستی ناو و زانیاری هێزە ئەمنیەکان و وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە ڕاستی ئەمە بیانووە لەلای هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم، باشە سبەی تەوتین بکرێن ئەو هێزانە بچنە بانکی تی بی ئای ئەژماریان بۆ بکرێتەوە بۆ وەرگرتنی مووچە، خۆ بانکەکە پێویستی بەکارتی زانیاری و سەرجەم زانیاری و وێنەی کەسێتی دەبێت ئیتر ئەو کاتە ئەوە چ زانیاریەک دەبێت هەتا هەرێم بڵێت ناینێرم”.