لە عێراق یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمار کرا، ئەویش لە شاری تکریت بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قایمقامیەتی سەڵاحەدین دوای تۆمارکردنی حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندە لە شاری تکریت، هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد.
لە بەیاننامەیەکدا قائیمقامیەت ئاماژەی بەوەکردووە، “حاڵەتی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ناوچەی عەین ئەل فاراس لە ڕۆژئاوای شاری تکریت تۆمارکراوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین پابەندبن بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن بۆ بەرگرتن لە بلاوبوونەوەی نەخۆشییەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد “تیمەکانی قائیمقامیەت بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات بە بەرزترین ئاستی گرنگیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە تەندروستییەکان و ئەمنییەکانی ناوچەکە.
هاوکات ئەوەشی خستۆتە ڕوو، هاووڵاتیان ئاگادار دەکەین کە پەیوەست بن بە ڕێنماییەکان و جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون پێیانەوە لە پێناو سەلامەتی تەندروستی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و تەشەنە نەکردنی ئەم نەخۆشییە.