ڕۆڵی پەروەردە لە چاککردنی ڕەفتارە نەرێنییەکان



ڕەووف محەمەد ئالانی

(ژیری وەک چەتر وایە، تەنها کاتێک کاردەکات کە کراوە بێت – تۆماس دیۆر) .

هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ، زادەی وەرگرتن و فێربوونن، دەکرێ لە ژینگەیەکی لەبار و تەندروستدا بیرکردنەوە و ڕەفتاری باش ببینین، بەپێچەوانەشەوە لە ژینگەی خراپ و دوور لەڕەچاوکردنی هەنگاوە باشەکان، ڕەفتاری نەرێنی و خراپ ڕەنگدەداتەوە.

لە شێوازی دیاریکردنی ئاراستەی باشەکان یان خراپەکاندا لەسەر ڕەفتارەکانی تاک، پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاوی هەیە، بۆیە دەکرێ بە چاوی گرنگی پێدان و پڕ بایەخ و نرخاندن لێی بڕوانرێت.

زۆرجار لەسەر کۆمەڵگەی پێشکەوتوو یان دواکەوتوو باس دەکرێت و پۆلێن دەکرێن، لەسەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە دادەنرێن، بۆ ئاراستە باشەکە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر خۆشبەختن، بەڵام بۆ ئاراستەکەی تر، کە خراپەکەیە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر نائارام و توندوتیژن و ناشارستانین.

ئەمانە هەمووی پەیوەندی بە فەلسەفە و جۆری پەروەردەکەیانەوە هەیە، دیارە دروست بوون و بەدیکردنی ڕەفتاری نەرێنیش ڕاستە بەشێوەیەکی گشتی پەروەردە، کاری لەسەر دەکات بەڵام زۆر هۆکار بوونیان هەیە تا ڕەفتارەکان دەبن بە نەرێنی، بەتایبەت لە ناو منداڵاندا ، هەر ئەو ڕەفتارانە ئەگەر ئاراستەکەیان نەگۆڕێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن هاوتەریب ڕەفتارەکەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت، پێش دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، بەباش وپێویستی دەزانم، ڕەفتاری نەرێنی بناسێنین.

ڕەفتاری نەرێنی بریتین لە و کار و هەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی کە لەڕووی پێوەری کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی داب و نەریت و یاسای کۆمەڵگەن و لای خەڵک بە نامۆو نەگونجاو سەیر دەکرێن. نمونەی ئەو ڕەفتارانە(دزیکردن، درۆکردن، دەمپیسی(جنێو و وتەی ناشیرین)، داوێن پیسی(دوورکەوتنەوە لە ئاکار)، توندو تیژی و شەڕەنگێزی(ئازاردانی کەسانیتر)، (بوهتان – بوختان) واتە هۆنینەوەی درۆی هەڵبەستراو بۆ کەسانیتر، ……. هتد).

ئینجا هەندێک لەو هۆکارانە دەخەمە بەرچاو کە دەبنە دروست بوونی ئەو ڕەفتارانەی کە نەرێنین:

١-خراپ مامەڵەکردنی دایک و باوکی مناڵ و گرنگی نەدان بە پەروەردەی دروست، یان نەشارەزایی و کەمتەرخەمی

٢-توندو تیژی و ناکۆکیەکانی دایک و باوکی مناڵان لەبەرچاوی ئەواندا، چونکە ئەو ڕەفتارە ئەگوازرێتەوە بۆ مناڵەکانیان

٣-سۆز و نازی زۆری دوور لە پلانی پەروەردەیی

٤-جیاوازیکردنی مناڵان لەلەیەن دایک و باوکیان، بەوەی یەکێکیان بچوکترە نازی زۆرتر بدەنێ یان ئازاردانی یەکێکیان لە بەرچاوی ئەویتر لەسەر کارێک و ڕەفتارێکی هەڵە، ئەوەش پێویستی بە مامەڵەی پەروەردەیی و زانستی هەیە، نەک لێدان و توندوتیژی

٥-وەرگرتنی ڕەفتارێکی نەرێنی لەدەرەوەی خێزان و ڕاستنەکردنەوەی هەڵەکە

٦-مامەڵە کردنی مناڵ وەک گەورە و دوورخستنەوە لە جیهانەکەی خۆی

٧-نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان قوتابخانە و خێزانەکان، چونکە لەو کاتەدا هۆکاری ڕەفتارە نەرێنیەکە نازانرێ و ناتوانرێ ئاراستەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەرێنی، ئەوانەی سەرەوە بەشێکی گرنگ و کاریگەرن لەسەر هۆکاری دروست بوونی ڕەفتاری نەرێنی، هەر یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە دەکرێ کاریان لەسەر بکرێت و بەرنامە و پلانیان بۆ دابنرێت هەموو ئەو ڕەفتارە نەرێنیانە بکرێن بە ئەرێنی و ڕەفتاری باش و بەجێ، بۆ ئەو کارەش تەنها پێویستە کار لەسەر پەروەردە بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش ماندوو بوون و ‌هێز و ئیرادە گرنگە، وەک (تۆماس جێفرسۆن)دەڵێت: (من باوەڕێکی بەهێزم بە بەختەوەری هەیە، دەبینم تا زیاتر لە کارەکەمدا ماندووبم، دەستکەوتی زۆرترم دەستدەکەوێت).

ئەکرێ ئاماژە بە لایەنێکی گرنگ بدەین کە ئەویش هەڵەکردنە، چونکە هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات و هەڵە بە تاوان دانانرێت، چونکە لە ئەنجامی هەڵەکردن ڕێی ڕاست ئەدۆزرێتەوە و هەست بە بوونی هەڵەکە دەکرێت و ڕاستە ڕێکە دەردەکەوێت.

هەر بۆیە (ویلیام ڕاندۆڵف هێرس)وتویەتی: (گەورەترین ماف مافی هەڵە کردنە) لەمەوە دەردەکەوێت ئاکام و گەیشتن بە کردن و ئەنجامدانی ڕەفتاری ئەرێنی، ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمانن.

لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا دەکرێ پلان و بەرنامەی گونجاوی پەروەردەیی بۆ ڕەفتارەکان دابنرێت و توێژەرانی دەروونی و مامۆستایان بەباشی ڕابهێنرێن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕەفتاری نەرێنی وەرگیراو ئەنجام دەدەن، ئەو تاکەی هەڵە ئەنجام دەدات و ڕاستناکرێتەوە، وا دەزانێ ئەو ڕاستە و ئەوانیتر هەڵەن، لەسەر ئەم شێوازە لە کۆنەوە وتراوە:(مرۆڤە ژیرەکان لە هەڵەی کەسانی ترەوە فێر دەبن، لە کاتێکدا گەمژەکان لە هەڵەکانی خۆیانەوە فێر دەبن).

داهاتی نەوتی عێراق 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
پێشت داهاتی نەوتی عێراق 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
دەستدرێژی کراوەتە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت
دواتر دەستدرێژی کراوەتە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت
پەیوەندیدار