قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆ كرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بكرێت.
سەبارەت بە كورسی كۆتاكان، قوباد تاڵەبانی ڕوونی كردەوە، كە بێ جیاوازی داكۆكی لە هەموو مافی پێكهاتەكان دەكەین، وتیشی “هیچ كاتێك دژی كورسی كۆتای پێكهاتەكان نەبووین و ناشبین، بەڵكو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان”.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم، جێگری سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەكی نیشان داوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت و وتیشی ئێمە نابینە كێشە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەدا.
سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، كە هەنگاوی باش نراوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكە و وتیشی، “شاندی حكومەت ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات و مەبەستمانە بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی یەكجاری كێشەی بودجە و مووچە”.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، گفتوگۆ كرا لەبارەی بونیادنانی زانكۆیەكی كوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك بۆ كردنەوەی زانكۆكە.