وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند “نرخی دۆلار لە بودجەدا لەسەر (1450) دینار جێگیركراوە”.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ڕایگەیاند، “نرخی دۆلار لە بودجەدا لەسەر (1450) دینار جێگیركراوە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاتییە، دادەبەزێتەوە”.
ڕاشیگەیاند لیژنەیەك پێكهێنراوە سەبارەت بە دۆسییەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و قسەكردن سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ و سنورداركردنی كەرتی بانكی دورە لە راستییەوە.
ڕونیشیكردەوە، پلاتفۆرم و سیستەمێكی هاوبەش لە نێوان بانكی فیدراڵی و بانكی ناوەندی عێراقی هەیە دەبوو لە ساڵی (2018) جێبەجێبكرایە، بەڵام ئێستا خراوەتە كار.
دەشڵێت خستنەگەڕی ئەو پلاتفۆرمە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەشێوەیەكی كاتی، بەزوترین كات دۆخەكە دەچێتەوە باری ئاسایی و نرخی دۆلار لەسەر (1450) دینار لە بودجەدا جێگیركراوە.
ئاشكراشیكرد تا ئێستا بودجە نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، كاركردن لەسەر ئامادەكردنی بودجە بەردەوامە.
راشیگەیاند، نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەدا تا ئێستا بە (65) دۆلار دانراوە لەوانەیە بگاتە (70) دۆلار.