“دەبێت سەرلەنوێ مێژووی سلێمانی بنوسرێتەوە”



شوێنەواری کۆشکێکی سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵی لە سلێمانی دۆزرایەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لولوییەکان، لە دۆزێنەوە دەقێکی مێخیدا کۆمەڵێک زانیاری نوێ دەرکەوتن.

لە ناوچەی قولەرەیسی لە نزیک سەرچنار لە شاری سلێمانی لەلایەن بەشی شووێنەواری زانکۆی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دۆزینەوەی کۆشکێکی لولوییەکان ڕاگەیاندرا، کە ماوەی هەشت ساڵە کنەوپشکینین ئەنجامدراوە.

تریفە خەلیل خوێندکاری قۆناغی چواری بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانییە، خولیایەکی زۆری بۆ دۆزینەوەی شووێنەوار هەیە، باوکی تریفە بەهۆی خولیای زۆری بۆ شوێنەوار تریفەی ناردووەتە بەشی شوێنەوار، ئێستا تریفە سەرقاڵی کنەوپشکنینە لە شوێنەواری ئەو کۆشکەی دۆزراوەتەوە.

ئەو خوێندکارە ئاماژە بەوەدەکات، دەبێت زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ کاری شوێنەوارەکاندا بکرێت تا هیچ هەڵەیەک ڕوونەدات، نەبێتە هۆی شێواندنی شوێنەوارەکە و زیان بە شوێنەوارەکە بگەیەنێت.

ڕۆژانە خوێندکارانی بەشی شوێنەواری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی دەهێنرێنە شوێنەوارکە تا وردەکاری شوێنەوارەکە بدۆزرێتەوە و بە شێوەی کرداری وانەکان بخوێنن.

دوێنێ لە کۆنفڕانسێکدا لەناو زانکۆی سلێمانیدا، دۆزینەوەی کۆشکێکی لولوییەکان بە ناوی (شوێنەواری دێکۆن) ڕاگەیاندرا، کە مێژووەکەی بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە لە چەندین ژووری جیاواز و دیوەخانێکی گەورە پێکهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارچەیەکی مۆری لولوییەکان و پارچەیەکی تەواوی نوسراوی مێخی دۆزراوەتەوە، کە کۆمەڵێک زانیاری نوێی ئاشکراکردووە.

یەکێک لە پارچە گرنگەکانی ناو شووێنەوارەکە، دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسنێکە، لە کاتێکدا لەو کاتەدا لە تەواوی جیهاندا ئاسن نەدۆزراوەتەوە و سەردەمی بڕۆنز بووە، ئەمەش واتە نەتەوەی لولوییەکان گەلێکی هۆشیار و داهێنەربوون.

د.دڵشاد زاموا، سەرپەرشتیاری تیمی پڕۆژەی شوێنەواری  دێکۆن ڕایگەیاند، دۆزینەوەی ئەم کۆشکە واتای بوونی تەلارسازی و زانست دەگەڕێتەوە، بەردەوام دەبن لە کنەوپشکنین تا ئەوەی بتوانن پارچەی دیکە بدۆزنەوە.

“دەبێت جارێکی دیکە مێژووی سلێمانی بنوسینەوە، چونکە دۆزینەوەی ئەم شارە واتە مێژووی سلێمانی زۆر لە سەردەمی بابانەکان کۆنترە”.

هێشتا کنەوپشکنین لە شوێنەوارەکەدا بەردەوامە، ئەو شووێنە لەلایەن شارەوانی و بەڕێوەرابەتی هاتووچۆو بەپێی ماستەرپلانی شار بڕیاربووە بکرێتە شەقام، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە داوا لە شارەوانی سلێمانی کراوە تا کارەکانی ڕابگرێت، پاش سەلماندن و دۆزینەوە شووێنەوارەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو شووێنە بکرێتە مۆزەخانەیەک کە بەشە شوێنەوارییەکەی کۆشکەکە بمێنێتەوە و باخچەیەکیش دروستبکرێت، بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری.

بۆ جاری سێیەم سودانی لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوک کۆبووەوە
پێشت بۆ جاری سێیەم سودانی لەگەڵ لایەنەکانی کەرکوک کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی: مەبەستمانە بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ بودجە و مووچە
دواتر قوباد تاڵەبانی: مەبەستمانە بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ بودجە و مووچە
پەیوەندیدار