وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو بە ڕاپۆرت ڕەوانەی عێراق دەکات، تا وردبینی بۆ ناو و کۆد و بڕی مووچەکانیان بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان خەرج بکرێت.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “حکومەتی هەرێم لەهەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناوی ئامادە کردووە نەک کۆد، ئەم ناوانە ڕەوانەی عێراق دەکرێن تا لەسەر بنەمای ئەمە مووچەی کەرتی سەربازی هەرێم ڕەوانە بکرێت.”
دەشڵێت:”حکومەتی هەرێم نموونەی ئامادە کردووە و لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو ئامادە دەکات، کە پێشتر دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ کۆدەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی وردبینی بۆ کۆد و ناو و پلە و مووچەکانیان بکرێت و دروستیان بسەلمێنرێت، ئەمە بە ڕاپۆرت ئامادە کراوە.”
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ناوانەی ئاشکرانەکرد کە بۆ حکومەتی عێراق نێردراون بەڵام وتی لە هەر دەزگایەک “ژمارەیەک” دیاریدەکرێت.
ڕۆژی ٢٦ی ئایاری٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی بۆ مانگی دوو، بەشێوەی نەختینە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عیراق .
سەمیر هەورامی دەڵێت، “ئەو بڕە پارەیەی کە سەرووی ٨٥ ملیار دینارە و لە داهاتی نانەوتی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەپێی یاسای ئیدارەی مالی بەر عێراق دەکەوێت و بۆ خەزێنەی گشتی گێڕدراوەتەوە، چونکە داهاتی فیدراڵین.”
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، “بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و بەرپرسانی عێراق لەوبارەیەوە دڵنیاییان داوە.