جارێكی دیكە مووچەی فەرمانبەران دوادەكەوێت



مانگی ئایار تەنها 3 ڕۆژی ماوە و تا ئێستا حكومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 5ی ڕەوانەی بەغدا نەكردووە و بەوەش جارێكی دیكە هاتنی پارە و دابەشكردنی مووچە دوادەكەوێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 28ی ئایار ڕاگەیاند، “لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و بەم زووانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت”.

بەپێی زانیارییه‌كان، ڕێکارەکانی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆتاییان هاتووە و به‌سیدی ئاماده‌كراوه‌، بڕیارە بەم زووانە وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ی به‌غدای بكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا عێراق پارەی مووچەی مانگی 4ی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی ڕەوانە نەكردووە و زیاتر لە 50 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەیاندا تێپەڕیوە.

ئەمڕۆ 28ی مانگە و تەنها 3 ڕۆژی ماوە، بەڵام لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا نەكراوە، بۆیە ئەگەر لەم هەفتەیەشدا ڕەوانە بكرێت، ئەوا تاوەكو وەزارەتی دارایی عێراق لە هەفتەی داهاتوودا وردبینی تەواو دەكات، مووچەی مانگی 5 دەچێتە مانگی 6ەوە و بەوەش دابەشكردنی مووچە جارێكی دیكە دوادەكەوێت و هاوتای دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق نابێت.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم و فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

بەپێی زانیارییەكان، بڕی ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ مووچە داوای دەکات 970 ملیار دینارە و بەبێ‌ پلەبەرزكردنەوەیە لەكاتێكدا سەرجەم وەزارەتەكان كاریان لەسەر پلەبەرزكردنەوە كردووە و لیستەكان ئامادەكراون، بەڵام بەهۆی خشتەی بودجەی 2024ی عێراق، كە بڕیارە لە پەرلەمانی عێراق هەموار بكرێتەوە پارەی بۆ پلەبەرزكردنەوە تیانییە، بۆیە مووچە بەبێ‌ پلەبەرزكردنەوە دەبێت.

کشتوکاڵی دەربەندیخان: لیژنەیەکمان لە مردن رزگاریان بوو
پێت کشتوکاڵی دەربەندیخان: لیژنەیەکمان لە مردن رزگاریان بوو
عێراق ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بە نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە
دوات عێراق ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بە نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە
پەیوەندیدر