پلاسخارت پەیامی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە



نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پەیامی ماڵئاوایی بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی ئەو گەلە و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی یۆنامی لە عێراق لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاند، زۆر جار وتوومە نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە، بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان

پەیامی ماڵئاوایی لە جێنین هێنیس پلاسخارتەوە:
لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووەو لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم.

لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بەشانازییەوە مێژووی خۆیان ڕوون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکەو ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەندو جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بەشێوەیەکی خۆڕسك هیواو ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم.

هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوەو گفتوگۆیە پیشەگەرانەکان بەرزدەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەرو بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و ڕێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی ڕۆژانەیان وەلاوەدەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووەو بێگومان هەرچەند سوپاسگوازی دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە ڕێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووەو کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە.

هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دووربووە لە ڕەخنەکان – هەندێکیان ڕەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین. وەك زۆر جار وتوومە نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە.

دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە.

هەربژی عیراق

بەهای دۆلار بۆ نزیكەی 132 هەزار دادەبەزێت
پێت بەهای دۆلار بۆ نزیكەی 132 هەزار دادەبەزێت
ئاگر لە شاخی گۆیژە كەوتەوە
دوات ئاگر لە شاخی گۆیژە كەوتەوە
پەیوەندیدار