کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 10ی حەزەیرانی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خوولی شەشەم، بەڵام بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ كەم كردنەوەی كورسی پەرلەمان بۆ 100 كورسی و لابردنی كورسی پێكهاتەكان (11) كورسییەكە و دابەشكردنی هەرێم بەسەر 4 بازنەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردن نەكات بەو ڕێكارانە و داوای هەمواركردنەوەی كرد، هەربۆیە سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵای تۆماركرد.
دوای سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، دادگای فیدڕاڵی فەرمانی وەلائی دەركرد بۆ ڕاگرتنی بەشێكی ڕێكارەكانی كۆمسیۆن و بەوەش كارەكانی كۆمسیۆن ڕاگیران بۆ ماوەیەك و دواتر دادگا سكاڵاكەی ڕەتكردەوە، بەوەی تاندان لە ڕێكارەكانی كۆمسیۆن دەبێت لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان بێت و لای خۆشیەوە، دەستەی دادوەری كۆمسیۆن بڕیاریدا 5 كورسی لەكۆی 100 كورسیەكەی پەرلەمانی كوردستان بدات بە پێكهاتەكان و بەوەش دووبارە پێویستە ڕێكارەكانی هەڵبژاردن دەستپێبكاتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبۆتەوە و بڕیاریانداوە بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
بەپێی بۆچوونی شارەزایانی هەڵبژاردن، پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی 3 تاوەكو 4 مانگ دوابكەوێت بۆ مانگی 9 یان 10ی ئەمساڵ.
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە بڵاویانكردۆتەوە، “سەرۆکایەتی هەرێم دواخستنی هەڵبژاردنەکان ڕادەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیارەکە یەک شەممە یان دوو شەممەی داهاتوو دەردەچێت، وادەی نوێش دەبێتە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی (مانگی 10)ی داهاتوو، چونكە ئێستا تەمەنی كۆمسیۆن تاوەكو 6 مانگی دیكە درێژكراوەتەوە”.