لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بەهای دۆلاری ئەمەریكایی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە ئەنجامدا شڵەژانی ئابووری و گرانبوونی شتومەكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا لێكەوتووەتەوە.
عیماد مەحمود، مامۆستای ئابووری لە هەڵەبجە، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ” ئێران دۆلار بۆ دوو مەبەست دەكڕێت: یەكەم بۆ ئەوەیەتی باڵانسی دراوەكەی خۆی پێڕابگرێت كە ئێستا دراوەكەی بەرەو لەناوچوون دەچێت؛ دووەم لەگەڵ ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو گەمارۆی ئابوری خراوەتەسەر لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵام ڕێگەی بازرگانی سنورداری لێنەگیراوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە دۆلاری ئەمریكاییە.”
بە گوێرەی سەرچاوەی ئەكادیمی جەی ستۆر، دۆلاری ئەمریكایی یەكێكە لە بەهێزترین و متمانەپێكراوترین دراوەكان لە مامەڵە نێودەوڵەتیەكاندا بە هۆی فراوانی كاریگەریە سیاسی و ئابووریەكانی ئەمەریكا دوای جەنگی جیهانی دووهەم. سەرەڕای ئەمە، لەم ساڵانەی دواییدا دەزگای خەزێنەی فیدڕاڵی ئەمەریكا بەردەوام ڕێژەی قازانجی زیادكردووە بۆ ڕێگری لە هەڵاوسانی ئابووری لە ئەمەریكا، كە ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
عیماد مەحمود هۆكاری بەدەستهێنانی دۆلار لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەهێزی دۆلار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت “بازرگانەكانی ئێرانیش دەیانەوێت خۆیان لە شكانی دراوەكەیان بەدوور بگرن و دەیانەوێت سەرمایەكانیان بكەن بە دۆلار.”
لە ساڵانی ڕابردوودا بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوام لە نزمبوونەوەدا بووە بە هۆی ناكۆكیەكان لەگەڵ ئەمریكا و گەمارۆ سەربازی و ئابووریەكانی واشنتۆن دژ بە تاران.
بە گوێرەی ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ، ئەم هەفتەیە یەك دۆلاری ئەمەریكایی بەرامبەر بە 430،000 تمەن بووە و بەمەش تمەن لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە 80٪ بەهای خۆی لەدەستداوە.
چاودێران دەڵێن لەم ساڵانەی دواییدا عێراق بووەتە شوێنێكی ئاسان بۆ ئێرانیەكان بۆ “پارە سپیكردنەوە” تا لە ڕێگەیەوە ملیۆنان دۆلار ئاودیوی وڵاتەكەیان بكەن.